جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سێ زیندانی کورد لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پوشپەڕی ١٤٠٤، سزای سێدارەی سێ زیندانی کورد بە ناوەکانی “ئیدریس ئاڵی ، ئازاد شوجاعی خەڵکی ئاوایی “دۆڵەگەرم”ی سەردەشت و رەسوڵ ئەحمەد ڕەسوڵ خەڵکی شاری سلێمانی هەرێمی کوردستانی عێراق” لە زیندانی ناوەندی ورمێ جێبەجێ کراوە .

ئەم سێ زیندانیە پێشتر لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “موحاربە و گەندەڵی لە زەوی لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل” سزای لە سێدارەدانیان بە سەردا سەپێنرابوو .
ئەم سێ شارۆمەندە لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢ ، لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتی ئیتڵاعاتی سوپا ڕاگوێزرابوون و زیاتر لە سێ مانگ لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا بوون و دواتر بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون .
 
بە گوێرەی زانیاریەکان ، ئەم سێ کەسە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیاندا بە مەبەستی وەرگیرانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونیدا بوون .
 
بە پێی ئەو زانیاریانەی بە دەستمان گەیشتوون کۆبوونەوەی دادگایی کرانی ئەم سێ بەندکراوەیە لە رێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ ، لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “قوربان شاهینی” بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بەڕێوەچووە و لە سەرەتاکانی خەزەڵوەری هەمان ساڵ دەرکرانی سزای سێدارە بۆ هەرسێکیان ڕاگەینرابوو .

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر سێ زیندانی لە قۆناخەکانی لێپرسینەوە تۆمەتەکانیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە تەنها وەک کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوور کاریان کردووە .
 
ئەسغەر جەهانگیری . وتەبێژی قوەی قەزاییە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە دۆسیەی کوژرانی “موحسێن فەخریزادە” بەبێ ئاماژەدان بە ناوی ئەم سێ بەندکراوە ڕایگەیاند ؛ ئێستا سێ کەس لە قۆناخی تانەدان دایە .

ئیدریس ئاڵی ، ئازاد شوجاعی و رەسوڵ ئەحمەد رەسوڵ هەرسێکیان خێزاندار و خاوەن منداڵ بوون .

شایانی باسە بنەماڵەی ئەم سێ زیندانیە پێش جێبەجێ کرانی سزا ئاگاداری ڕاگوێزانیان بۆ ژوری تاکەکەسی نەبوون و تەنها دوای جێبەجێ کرانی سزا لە ڕێگای مەرجەعی فەرمیەوە هەواڵی لە سێدارە درانی ئازیزانیان پێگەیشتووە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین