بە پێی زانیاریەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤(٧ی سپتەمبری ٢٠٢٥) سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی تەورێز جێبەجێ کراوە.
ناسنامەی ئەم سێ زیندانیە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا “بابەک عومەر زادە، کوڕی حەسەن، خێزاندار، باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی “گۆنبەد” تەوفیق نیعمەتی، کوڕی سدیق، خەڵکی ئاوایی “بەردیزی” سەر بە ناوچەی سۆما برادۆستی ورمێ و کەیوان مامدی کوڕی پاشی، خەڵکی ئاوایی “دریک”ی سەڵماس، سەلمێنراوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە؛ ئەم بەندکراوانە پێشتر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی “پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەک، سزای سێدارەی ئەم سێ بەندکراوەیە بەبێ ئاگاداری پارێزەرەکان و کۆتا چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە.