بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی “فەرزاد میرزایی ، فەرهاد فەردینی و سەمەد هاشمی” هەر سێکیان خەڵکی شاری “هەرسین”ی سەر بە کرماشان ، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کراوە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ ئەم سێ بەندکراوەیە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی هانا ؛ ئەم سێ بەندکراوەیە ٧ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە “مادەهۆشبەرەکان” لە یەک دۆسیەی هاوبەشدا لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێنرابوو .