بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ۱٦ی ڕەزبەری ۱٤۰٤ ( ٨ی ئۆکتۆبری ۲۰۲٥) سزای سێدارەی سێ بەندکراو بە ناوەکانی “میلاد یاری، ئارمان کاکاوەند و موبین سەروەری، لە بەندیخانەی قزڵحسار و بەندیخانەی ناوەندی کەرەج جێبەجێ کراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، “میلاد یاری و ئارمان کاکاوەند” هەر دوو تەمەن ۳۲ ساڵ و خەڵکی نوراوای سەر بە لوڕستان، نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە “مادەهۆشبەرەکان” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
هەروەها لە هەمان ڕۆژدا ، ” موبین سەروەری ” تەمەن ۲۷ ساڵ، شارۆمەندی کوردی خەڵکی ئیلام، کە پێشتر بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئانقەست” دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج لە سێدارە درا.