بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣ی دیسامبری ٢٠٢٥) سزای سێدارەی سدێقە قوربانی زڕدایکی ئاوا قارەمانی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ جێبەجێ کراوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، ئاوا قارەمانی منداڵی تەمەن چوار ساڵ، منداڵی عومەر و مینا حوسێن زادە، خەڵکی ناوچەی کۆتۆڵی شاری خۆی و دانیشتوویی “گوێگ تەپە”ی سەر بە ناحیەی تاناکارای شاری ورمێ بوو کە ڕۆژی شەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، دوای ئەشکەنجە و ئازار درانی لە لایەن زڕدایکیەوە بە سەختی بریندار بوو و بۆ نەخۆشخانەی مۆتەهەری ورمێ ڕاگوێزرابوو.
ئاوا قارەمانی ماوەی یازدە ڕۆژ لە بەشی چاوەدێری چڕی نەخۆشخانە خەوێندرا بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانی وە هەروەها خوێنبەربوونی مێشکی گیانی لە دەستدا.
شایانی باسە سدێقە قوربانی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دادگایی کرانی لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرابوو.
