رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ساڵح محەمەدی لاوی تەمەن ١٨ ساڵ، لە دەستبەسەر کراوانی ناڕەزایەتیەکانی بەفرانبار لە شاری قوم، لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکە به ناوەکانی مەهدی قاسمی و سەعید داوودی سەر لە بەیانی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە بەندیخانەی ناوەندی قوم لە سێدارە دراون.
بە گوێرەی ڕاگەیندراوی هەواڵدەری میزان، ئەم سێ بەندکراوەیە پێشتر بە تۆمەتی موحاڕبە و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن بۆ ئیسرائیل ڵە دۆسیەی پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتیەکانی بەفرانبار لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو.
سەرچاوەکانی هانا ڕایانگەیاند کە پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەوان ناڕوون بووە و لە ژێر گوشاردا دادنپێدانانیان لێ وەرگیراوە. ساڵح محەمەدی تۆمەتی کوشتنی ڕەت کرووەتەوە و ڕایگەیاندبوو دانپێدانانەکان لە ژێر گوشاردا وەرگیراون. سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناساندنی پارێزەری سەربەخۆ دادگای ئەمەی ڕەت کردووەتەوە و پارێزەری تەسخیری بۆ دیاری کردووە.
ئەم حوکمانە لە کاتێکدا جێبەجێ کراون کە پێشتر دامودەزگا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لە ئاست زۆر بوونی سەپاندنی سزای سێدارە و جێبەجێ کرانی ئەم سزایە بۆ دەستبەسەر کراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە، هۆشدارییان دابوو.
