جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی بێهروز ئێحسانی ئیسلاملو و مەهدی حەسەنی لە زیندانی قزڵحساری کەرەج

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، سزای سێدارەی دوو زیندانی سیاسی بە ناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهروز ئێحسانی ئیسلاملو ، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کراوە .

دەسەڵاتی دادوەر کۆماری ئیسلامی ئەم دوو زیندانیەی وەک ئەندامانی سازمانی موجاهدینی خەلق ناساندووە و تۆمەتی سەرەکی سەر ئەوانی “بەغی” ڕاگەیاندووە . بە پێی زانیاریە بڵاو کراوەکان لە لایەن ئەم دامەزراوەیەوە ، ئەم کەسانە بە ئەنجامدانی کارگەلێک وەک “دامەزراندنی کۆمەڵێک ماڵی تیمی ، دروست کردن و بە کارهێنانی هاوەن هاوێژی دەستی ، پڕوپاگەندە بۆ سازمانی موجاهدین ، تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و ناردنی زانیاری بۆ دەرەوەی وڵات” تۆمەتبار کرابوون .

مەهدی حەسەنی و بێهروز ئێحسانی ئیسلاملو پێشتر لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی قازی “ئیمان ئەفشاری” بە تۆمەتی بەغی ، موحاڕبە ، ئەفساد فی الارز ، کۆکردنەوەی زانیاری پۆلین کراو و پیلانگێڕی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ، دادگایی و سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو .

سزای دراکراوەکان بۆ ئەم دوو زیندانیە دوای پەسند کران لە دادگای باڵای وڵات گەیشتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە .
لەگەڵ ئەمەش چەندین جار داواکاری دووبارە دادگایی کردنەوە لە لایەن پارێزەرانیانەوە نێردرا بۆ دادگا بەڵام سەرجەمی داواکان لە لایەن دادگای باڵاوە ڕەت کرانەوە .
ئەمە لە کاتێکدایە بنەماڵە و پارێزەرانی ئەم زیندانیانە چەندین جار باسی بێبەش کرانیان لە دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکان ، سنووردار کردنیان لە پێشکەشکردنی بەرگریە یاساییەکان و گوشاری ئەمنییەتی لە ماوەی دادگایی کرانیان کردووە .

مەهدی حەسەنی لە دایکبووی ١٣٥٥، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ ، لە رێکەوتی ١٨ خەرمانانی ١٤٠١، لە کاتی چوونە دەرەوەی لە وڵات لە زەنجان دەستبەسەر کرا . بێهروز ئێحسانی ئیسلاملو لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٩، دانیشتووی تاران ، لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠١، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا . هەر دووکیان سەرەتا بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزران و دواتر لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بۆ زیندانی قزڵحساری کەرەج ڕاگوێزرابوون .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین