تیۆری یاسایی سەبارەت بە کەڵک وەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهد ١٣٦ و لێکەوتە مرۆییەکانی

کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک بەشداری لە دروستکردن، پەرەپێدان، هەناردەکردن و بەکارهێنانی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی شاهد ١٣٦ دەکات . ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کە لە ڕیزی چەکە ئۆتۆنۆمیە کوشندەکان(LAWS) پۆلێن کراوە ، لەلایەن کۆمپانیای پیشەسازی فڕۆکەوانی ئێرانی (هسا) کە لقێکی ڕێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی ئێرانی و لە ژێر چاودێری وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیزاین و بەرهەم هێنراوە . چەندین بەڵگە نیشانی دەدەن کە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە هێرشە سنووربەزێنەکانی ئێران بۆ سەر پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا و لە لایەن حوسییەکانی یەمەن بەکارهێنراوە . لە حاڵەتەکانی پێشوودا کە باسمان کرد، بەکارهێنانی شاهد ١٣٦ بە شێوەیەکی سەرەکی بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی .
هەرچەندە یاسا نێودەوڵەتییەکان بە ئاشکرا بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەوانەش درۆنی کوشندەی شاهد 136 قەدەغە ناکەن ، بەڵام بەپێی بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی ، بەکارهێنانی ئەم جۆرە کەرەستە سەربازییە کوشندەیە دەبێت بەپێی بنەماکانی یاسای مرۆڤ دۆستانەی نێودەوڵەتی بێت .
بەڵگەنامە بەردەستەکان دەریدەخەن کە ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دژی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکرانیا بەکارهاتووە . جگە لەوەش کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بە گوتەی لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هێرشەکانیدا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق بە کارهێنا کە لە ئەنجامدا زیانی گیانی دانیشتووانی مەدەنی شوێنەکانی لێکەوتووەتەوە . ئەم زنجیرە هێرشانە بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو پێشێل کردووە .
بەپێی مادەی ٥١(٤)(ب) و (ج)ی پرۆتۆکۆڵی یەکەمی زیادە لە کۆنواسیۆنەکانی ژنێڤ ، ئەو هێرشانەی کە لە بنەڕەتدا توانای جیاکردنەوەیان لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و مەدەنییەکان نیە قەدەغەکراون . هێرشی بە ئانقەست بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا کە ملیۆنان کەسی لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بێبەش کرد، دەتوانرێت بە پێشێلکردنی مادەی ٥٤ی پرۆتۆکۆڵی زیادەی یەکەم هەژمار بکرێت کە هێرشکردنە سەر ئەو شتانەی کە پێویستن بۆ مانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی قەدەغە دەکات . جگە لەوەش بنەمای ڕێژەیی کە لە مادەی ٢٢ی پەیڕەوی لاهە (١٩٠٧)دا جێگیرکراوە و وەک ڕێسایەکی نەریتی یاسای نێودەوڵەتی وەرگیراوە ئەو هێرشانەی کە زیانەکانی بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی زیاترە لە ئامانجە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکان قەدەغە دەکات .
پەرەپێدان و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد ١٣٦ بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حوسییەکان و بەڵگەنامەکانی بەکارهێنانیان لە ململانێ چەکدارییەکان نیگەرانی جددی لەبارەی مەترسییەکانی سەر ئاشتی لە ناوچەکەدا دروستکردووە ئەمەش بە پێچەوانەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێشێلکردنی چوارچێوە نێودەوڵەتییەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک دادەنرێت . هەر لەو پێوەندییەدا یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا سزایان بەسەر قەوارە ئێرانییەکاندا سەپاندووە کە تێوەگلاون لە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ، ئەمەش گوزارشت لە نیگەرانیی قووڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم جۆرە کەرەستەی کوشندانە دەکات .
بە سەرنجدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەردەوامی و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە درۆنە خۆکوژەکان و بە تایبەت شاهد ١٣٦ لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی و لە دابینکردنی پشتیوانی چەک بۆ تاقمە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە کەڵک وەردەگرێت ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە قووڵی نیگەرانە لە پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەی ئەو چەکانە و داوای ڕێوشوێنی دەستبەجێ و کاریگەر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەکات بەم شێوەیەی خوارەوە :
١. فراوانکردن و بەهێزکردنی سزاکان بەسەر کەس و لایەنە ئێرانییەکان کە بەشدارن لە بەرهەمهێنان ، هەناردەکردن و بەکارهێنانی ئۆپەراسیۆنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد ١٣٦؛
٢. لێپێچینەوەی یاسایی نێودەوڵەتی لە بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێرانی بەرپرس لە بەرهەمهێنان ، گواستنەوە و بەکارهێنانی نایاسایی ئەو چەکانە لە چوارچێوەی پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان؛
٣. جێبەجێکردنی کاریگەرانەی قەدەغەکردن و سنووردارکردنی چەک بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان .
بە سەرنجدان بە مێژوو و پراکتیکی بەڵگەداری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد ١٣٦ لە دژی خەڵکی سڤیل و ئامانجە مەدەنییەکان ، ڕێوشوێنی یاسایی و دیپلۆماسی دەستبەجێ و هاوئاهەنگ بۆ ڕاگرتنی بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ زەرورەتی هەیە .
دەفتەری یاسایی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا
٢١ی فێوریە ٢٠٢٥

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین