رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ئاست بارودۆخی کرێکارانی کۆمپانیانی ئەلمینیۆمی ئەراک نیگەرانی دەردەبڕێت.
مانگرتن لە خواردنی بەربڵاوی ئەم کرێکارانە کە زیاتر مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، ئەم ١١ی خەرمانانی ١٤٠٤، پێی ناوەتە سی و پێنجەمین ڕۆژی خۆیی، ئاماژەکان دەری دەخەن کە نزیک چوار هەزار کرێکار لەم ناڕەزایەتی دەربڕینەدا بەشداریان کردبێت.
ناڕەزایەتی کرێکاران لە سەرەتادا لەسەر جێبەجێنەکردنی پلانی پێداچوونەوەی پۆلێنکردنی کار دەستی پێکرد، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا پەرەی سەندووە. کرێکاران کێشەی وەک دواکەوتنی پێدانی مووچە، کەمکردنەوەی یارمەتییەکان و کاتەکانی زیادە، لێبڕینی چەندین باج، نوێنەکردنەوەی بیمەی تەواوکەر، کەمبوونەوەی ماوەی گرێبەست و دابەزینی بەرچاوی سەلامەتی شوێنی کاریان ڕاگەیاندووە. ئەوان دەڵێن کەرەستە کۆنەکان و نەبوونی پلانێک بۆ چاککردنەوەی گەورە بۆ بۆیلەرەکانی بەرهەمهێنان و کرینەکانی سەرەوە، ژیانی کرێکارانی خستووەتە مەترسییەوە و ڕووداوی پیشەیی پڕ لە ئازار و تەنانەت گیانلەدەستدانی یەک کرێکاریشی لێکەوتووەتەوە.
کرێکارانی ئیرالکو لە لێدوانەکانیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لەژێر هیچ فشار و بەربەستێکدا دەستبەرداری بەدواداچوونی مافەکانیان نابن. داواکارییە سەرەکییەکانیان بریتین لە پێداچوونەوەی خێرا بە پلانی پۆلێنکردنی کار، دڵنیابوون لە سەلامەتی شوێنی کار، پێدانی بەردەوامی موچە،چاکسازی لە هەیکەلی ڕێکخراوەیی بەبێ دەرکردن و گەڕاندنەوەی هەموو مافە لەدەستچووەکان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕایدەگەینێت کە بەردەوامی ئەم دۆخە، تەندروستی جەستەیی هەزاران کرێکار، ئاسایشی کار و ئاسایشی بنەماڵەکانیان دەخاتە مەترسییەکی جددی و لە ڕوانگەی مافی مرۆڤیشەوە مافی ژیان و مافی تەندروستی و مافی ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانەی کارکردن پێشێل دەکات.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیخوازانە بەشێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و کرێکاری، بۆیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا و دامەزراوە بەرپرسەکان دەکات کە دەستبەجێ دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کرێکاران بکەن و گرنگی بە داواکارییە ڕەواکانیان بدەن و بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی سەلامەتی و گەرەنتیکردنی مافی پیشەیی و مرۆڤی کرێکاران ڕێوشوێنی خێرا و کردەیی بگرنەبەر.