بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە ڕەت کردنەوەی پڕۆژە یاسای خوێندن بە زمانی  دایکی لە لایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامیەوە

نوێنەرانی پەڕڵەمان پڕوژە یاسای “خوێندن بە زمانی ئەتنیکی” لە قوتابخانەکانی ئێرانیان ڕەتکردەوە .

بە پێی ڕاپۆرتی میدیا حکومیەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ ، لە پەڕڵەمان “پڕوژەیاسای پەروەردە بە زمانی ئەتنیکی (مەحەلی)” لە قوتابخانەکانی وڵات بەپێی مادەی ١٥ی دەستووری ئێران خرایە دەنگدان .

پڕۆژە یاساکە بە ١٠٤ دەنگی بەڵێ و ١٣٠ دەنگی نەخێر و پێنج دەنگی پوچەڵ ڕەتکرایەوە .پەسەند نەکردنی ئەم پڕۆژەیاسا پێنج خاڵییە جارێکی دیکە نیشانی دا کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت پابەندی مافە بنەڕەتییەکانی ناو دەستوورەکەی خۆشی نیە .

سەرەڕای ئەوەی کە مادەی ١٥ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی خاڵی لاوازی بنەڕەتی سەبارەت بە دانپێدانانی یاسایی بە چەند زمان بوونی ئێران و مافی زمانی هەیە ، بەڵام فێرکردنی زمانەکانی دیکەی لە پاڵ زمانی فارسی ئازاد کردووە .دژایەتی کردنی پەرلەمانتاران لەگەڵ پڕۆژە یاساکە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافێکی بنەڕەتییە کە لە لایەن یاسادانەری بنەڕەتییەوە بە شێوەیەکی یاسایی دانیپێدانراوە .

بەڵام لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامیدا هیچ گەرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی کاریگەرانەی دەستور نییە و ئەم وڵاتە دادگای دەستووری نییە .بێ گوێدانە پێشێلکردنی دەستور ، ئەم دژایەتییە درێژەپێدەری مێژویی ئینکاری چەندکولتوری و فرە زمانی وڵاتی ئێرانە . ئەم جۆره هەڵوێستانە بەردەوام دەبێتە هۆی نکۆڵی و پێشێلکردنی بنەڕەتی مافی کەمینه نەتەوەیی و و زمانییەکانی دیکه له ئێراندا .

به پێی ئه و لێکۆڵینەوە زانستییەی له بەردەستن ، پاراستن و فراوانکردنی زمانی دایک پێویستییەکی کولتوری و مرۆییه .

فرەچەشنی زمانەوانی وەک یەکێک لە بەنرخترین میراتەکانی مرۆڤ بە بەشێکی دانەبڕاوە لە شوناسی کولتوری و کۆمەڵایەتی گەلان دادەنرێت ، بەڵام ئەم میراته له بەرده م ئاستەنگی جیدی دایه و مافی کەمینه زمانییەکان لە ئێران بە شێوەی مێژوویی ئینکار کراوە .

قەدەغەکردنی فێرکردنی زمانە غەیرە فارسییەکان لە قوتابخانە و زانکۆکاندا کاریگەری نەرێنی لەسەر ناسنامەی کولتوری منداڵان و لاوان هەبووە .

ئەم سیاسەتانە بوونەتە هۆی پچڕانی پەیوەندی زمانەوانی و کولتووری نەوە نوێیەکان لەگەڵ مێژوو و کولتووری زگماکی خۆیان .

هانا هۆشداری دەدات کە بەردەوامی ئەم سیاسەتانە دەکرێت ببێتە هۆی لە ناوچوونی زمان و کولتوری کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیکیەکان لە ئێران .

هانا دووپاتی دەکاتەوە کە مافی زمان یەکێکە لە بەنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسککردنی ئەو مافە پێشێلکارییەکی جیددییە بۆ مافە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کەمینەکان .

ئەم ڕێکخراوە داوا لە هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤەکان دەکات کە ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڵاواردنانە و پاراستنی مافی زمانەوانی کەمینەکان لە ئێران بگرنەبەر .

٢٧ی فێوریەی ٢٠٢٥

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین