هانا: ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی موسا ئومیدی ، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئیلام، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بەڕێوەچووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ ئەو لەم کۆبوونەوەی دادگاییەدا ڕووبەڕووی تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام و بڵاو کردنەوەی بابەتی ناڕاست” کراوەتەوە و لە بەرگریەکانیدا لە خۆیی، ئەم تۆمەتانەی بە تەواوەتی ڕەت کردووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پوشپەڕی ١٤٠٤، موسا ئومیدی ، چالاکی سیاسی و بەرپرسی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئیلام ، بە تۆمەتی “بڵاو کردنەوەی بابەتی ناڕاست و پڕوپاگەندە لە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران” بۆ لقی حەوتی لێکۆڵەری دادسەری گشتی و شۆڕشی ئیلام بانگ کرابوو.
پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی پوشپەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم چالاکی سیاسیە و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی ، دەستیان بە سەر بەشێک لە کەلوپەلە کەسیەکانی وەکوو مۆبایل ، لابتۆپ و بەشێکی زۆر لە کتێبەکانیدا گرتبوو .
موسا ئومیدی نوسەر ، لێکۆڵەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای پێشووی زانکۆیە کە بە هۆکاری بۆچوونە ڕەخنەگرانەکانی لە سەر کارەکەی دوور خرایەوە .
ئەم چالاکی سیاسیە پێشتر لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١، بە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندی گروپ یان رێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران” بۆ دادسەرای ئیلام بانگ کرابوو .