ئەمڕۆ دووشەممە ۳ی خەرمانانی ١٤٠٤، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی لەگەڵ شارۆمەندانی شاری مەریوان، ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی حەوتەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی چالاکانی ژینگەپارێز شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، محەمەد پەژوهی و ڕەحمەت حەکیمی نیا بەڕێوەبرد.
شەریف باجوەر، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سەوزی چیا و بەرپرسی کوژاندنەوەی ئاگر لەم ئەم ئەنجۆمەنە بوو. ئەو لە رێکەوتی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧دا لەگەڵ ئومید کۆنەپۆشی، محەمەد پەژوهی و ڕەحمەت حەکیمی نیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان لە ئاوایی “پێڵە و سلسی” سەر بە مەریوان ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کران و لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بە هۆی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا.
بەشداربووانی مەراسیمەکە ڕێزیان لە یادی ئەو چوار چالاکە ژینگەپارێزە گرت و جەختیان لە گرنگیدانی جددی بە پاراستنی ژینگە و پاڵپشتیکردنی چالاکوانان لەو بوارەدا کردەوە. هەروەها لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکەدا سرودێک بۆ یادی ئەو چوار چالاکە ژینگەپارێزە وترا.