بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بەندکراوێکی مەحکوم بە ئێعدام بە ناوی “حەبیب گراوەند” تەمەن ٢٥ ساڵ ، خەڵکی کوهدەشت ، هەوڵی خۆکوشتنی داوە .
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا ؛ ئەم بەندکراوەیە بە بەکار هێنانی بڕێکی زۆر شەربەتی متادۆن هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری کەرەج ڕاگوێزراوە .
شایانی باسە ، ئەم بەندکراوەیە پێشتر بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە “مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپێنراوە .
بە وتەی شایەتحاڵەکان و بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان ، سەرەڕای قەدەغە یاساییەکان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی مادەی هۆشبەر و ئەو جۆرە حەب و شەربەتانەی مادەی هۆشبەریان تێدایە بوونی هەیە و بەرپرسانی بەندیخانەش لەمبارەوە نەک تەنیا هیچ جۆرە ڕێگریەک ناکەن بەڵکوو خودی کارمەندانی بەندیخانەکانیش خەریکی بازرگانی ، کڕین و فرۆشتن و داخڵ کردنی ئەم جۆرە دەرمانانەن .