بەشداری نوێنەری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنێکی نائاسایی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (٢٣ی ژانویەی ٢٠٢٦)، باسی لە دۆخی ناڕەزایەتی ناڕازییان لە ئێران و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد.

دوابەدوای وتارەکانی نوێنەرانی حکومەتەکان و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان و کوشتنی هەزاران کەسی ناڕازی، بە ٢٥ دەنگی بەڵێ، ١٤ دەنگی بێ لایەن و ٧ دەنگی نەخێر، بڕیارنامەی ئیدانەکردن پەسەند کرا. بەم پێیە سەرکوتکردنی توندوتیژانە و نامرۆڤانەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بە توندی شەرمەزار کرا.

ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم کۆبوونەوەیەدا، بە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی بەکارهێنانی “چەکی شەڕ لە دژی خۆپیشاندەران” و ڕێژەی زۆری کوژراو و دەستگیرکردن، ئەم ڕووداوانەیان بە یەکێک لە “کوشندەترین سەرکوتەکان لە مێژووی نوێدا” وەسفکرد.
بەپێی بڕیارنامە پەسەندکراوەکە، ئەرکی “کومیتەی ڕاستی دۆز”ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکرایەوە بۆ کۆکردنەوە و بەڵگەنامەکردنی بەڵگەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئەگەری تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بۆ بەکارهێنانی لە دادگا نێودەوڵەتیەکان و تاوانەکانی داهاتوو.

شایانی باسە کە غەزال موهتەدی بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا کرد و ڕاپۆرتی پێشکەش بە ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی دووبارە بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان، هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەڵگەنامە کردنی تاوانەکان و پەیوەندی کاریگەرانە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەیڕەوکردنی میکانیزمی یاسایی بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین