ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، گروپێک لە هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە شاری پاریس بە هەڵگرتنی وێنەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دوو زیندانی سیاسی کوردی مەحکوم بە ئێعدام ، بەشداریان لە گردبوونەوەی ٨ی فێوریە کرد .
ئامانج لە ئامادە بوونی هاوکارانی هانا لەم گردبوونەوەیە ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دۆخی خراپی ئەم دوو زیندانیە و داواکاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی ئەوان بوو .
ناسنامەی ئەم دوو زیندانیە سیاسیە و هۆکارەکانی سزادانیان :
پەخشان عەزیزی چالاکی کۆمەڵایەتی و چالاکی مافی ژنان ، لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢ ، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا . ئەو بە تۆمەتی “بەغی” (شۆڕشی چەکداری لە دژی حکومەت) و ئەندامێتی لە گروپە دژبەرەکانی حکومەت ، لە دادگای شۆڕش سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە . ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو بەردەوام لە لایەن بنەماڵە و پارێزەرەکانیەوە ڕەت کراونەتەوە و دۆسیەکەی ئەو نمونەی سەرکوتی سیستماتیکی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤە لە ئێران .
هەروەها وریشە مورادی لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیە کە لە بەشەکانی پشتیوانی لە ژنان و منداڵانی ئاوارە لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا چالاکی بووە . ئەویش بە کۆمەڵێک تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر و سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنراوە و چارەنوس و بار و دۆخی یاسایی نادیارە و بنەماڵە و پارێزەرەکانیشی هیچ زانیاریەکیان لە سەری نیە .
ئامادە بووانی ئەم گردبوونەوەیە بە هەڵگرتنی پلاکاردگەلێک کە لە سەریان نوسرابوو “ئێعدام ڕاگرن” ، “پەخشان و وریشە ئازاد بکەن” و “نە بۆ ئێعدام” ناڕەزایەتی و دژایەتی خۆیان بەم سزا نادادپەراوەرانەیە دەربڕی .
رێکخراوە مافی مرۆییە نێودەوڵەتیەکان لەوانە لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئەنجامدانی کردەوەی بەپەلەیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە پەخشان عەزیزی و زیندانیانی دیکەی مەحکوم بە سێدارە لە ئێران کرد .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قوڵی خۆیی بە نسبەت دۆخی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەربڕیوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی خێرا و بێ مەرجی سزاکان و ئازاد کردنەیان دەکات .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە بۆ ڕاگیرانی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم دوو زیندانیە هەنگاوی جدی و خێرا بنێن .
ئەم رێکخراوەیە هۆشداری داوە کە ڕێگریکردن لە ڕەوتی ڕوو لە زیادبوونی دەچوونی سزای سێدارە بۆ چالاکی سیاسی ، مەدەنی و مافی مرۆڤ لە ئێران ، پێویستی بە کاردانەوەی جددیتر لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە هەیە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا دەکات کە گوشارە دیپلۆماتیکەکان لە سەر کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن تاوەکوو سزادانە نامرۆڤانەکان هەڵوەشێنرێنەوە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو حوکمانە جەخت لەوە دەکاتەوە کە درێژەدان بە سیاسەتی سەرکوت و دەرکردنی حوکمی قورس بۆ چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران سووڕی توندوتیژی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی توندتر کردووە و دەبێ لە زووترین کاتدا ڕابگیرێت .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا






