بەردەوامی مانگرتن لە خواردنی کیانوش چراغی بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئیلام

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : کیانوش چراغی ، بەندکراوی سیاسی خەڵکی دێهلۆڕان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی سزای چاوەدێری بە پابەندی ئەلەکترۆنی و لێدانی لە کاتی ڕاگوێزانی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئیلام ، لە رێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، مانی لە خواردنی تەڕ و وشک گرتووە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ کیانوش چراغی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، بە شێوەی خۆسەرانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی بە لێدان و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کرا و لە کاتی ڕاگوێزانی بۆ بەندیخانەی ئیلام چەناگە و زگی بریندار بووە و ددانێکیشی شکاوە .

سەرەڕای داواکاری بەردەوامی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ، لە بەر ڕێگری بەرپرسان خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەش بە ئەو نەکراوە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ دۆخی تەندروستی ئەم بەندکراوەیە دوای ئەوەی مانی گرتووە و لێوی دۆریوەتەوە لە ڕۆژی حەوتمەدا زۆر خراپ بووە و بەرپرسانی بەندیخانە ئامادە نین داواکاریەکانی جێبەجێ بکەن .

کیانوش چراغی ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوە دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری ئەحکامی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ئیلام ڕاگوێزرا و دوای ماوەیەک لە ژێر چاوەدێری پابەندی ئەلەکترۆنیدا لەم بەندیخانەیە ئازاد کرابوو .

شایانی باسە لە رێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، لقی ٦ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیلام حوکمی هەڵوەشاندنەوەی پابەندی ئەلەکترۆنی کیانوش چراغی دەرکرد .

ناوبراو پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ ، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی ئیلامی جێگیر لە دێهلۆران بە سەرۆکایەتی قازی “سەید رەزا سەڵاحەدینی” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم و لە بەشی دیکەی دۆسیەکەی لە رێکەوتی “١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢” بە تۆمەتی “بڵاو کردنەوەی زانیاری ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان” لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی دێهلۆران بە سەرۆکایەتی قازی “حسێن پەناهی” بە دوو ساڵ زیندانی و نوسینی ٢٠٠ لاپەڕە وەسییەت نامە و توێژینەوە (تەحقیق) سەبارەت بە دە کەس لە کوژراوانی شەڕی  ئێران و عێراق بە خەتی خۆیی کە لە لایەن دامەزراوەی دیفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلامەوە پشتڕاست کرابێتەوە ، مەحکوم کرا .

کیانوش چراغی کارمەندی پێشووی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە رێکەوتی “١١ی رەزبەری ١٤٠٢” لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە دێهلۆران دەستبەسەر و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین