بەردەوامی مانگرتن لە خواردنی حوسێن شاهۆزهی بەندکراوی بەلوچ لە بەندیخانەی ناوەندی مەشهەد

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە حوسێن شاهۆزهی شارۆمەندی بەلوچی تەمەن ٢٨ ساڵ ، لە بەندیخانەی مەشهەد ماوەی سێ ڕۆژە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر دەرچوونی سزای سێدارە لە دژی، مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، سزای سێدارەی ئەم بەندکراوەیە لە لایەن لقی کەیفەری یەکەمی دادگای شۆڕشی مەشهەد بە سەرۆکایەتی قازی”رەزا ئەکبەری موقەدەم” دەرکراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەم شارۆمەندە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا وەک گەشتیار لە ئۆتۆبوسێکدا بووە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک تۆمەتەکەی سەری بۆ ڕوون کراوەتەوە.

تۆمەتێک کە کەسە نزیکەکانی ڕایانگەیاندووە کە ئەو ڕەتی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەستبەسەر کرانیدا هیچ جۆرە چەکێکی لێنەگیراوە. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوەیە دوای دەستبەسەر کران، ماوەی شەش مانگ لە گرتووخانە ئەمنییەکاندا لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی توند بووە و ماوەیەکیش لە ژوری تاکەکەسی ڕاگیراوە.

بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردن ویستوویانە دانپێدانانی زۆرەملێی لێوەربگرن و بەڵێنیان پێدابوو کە دوای تۆمار کردنی ڤیدیۆی دانپێدانانی دوای شەش مانگ ئازاد دەکرێت بەڵام ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەکراوە.

حوسێن شاهۆزهی لە ئێستادا لە بەندی سەشی بەندیخانەی ناوەندی مەشهەد ڕاگیراوە و زیاتر لە سێ ساڵە لەم بەندیخانە ڕاگیراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەڕانی قوڵی لە سەر دۆخی جەستەیی و دەرونی ئەم بەندکراوەیە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە و پێداچوونەوەی دووبارە بە دۆسیەکەی لە کەشێکی دادپەروەرانە و ڕووندا دەکات.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها