بەردەوامی دەستبەسەر کردنە نایاساییەکانی منداڵان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامێران

بە گوێرەی زانیاری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ڕۆژانی ڕابردوو دوو منداڵی تەمەن ١٧ ساڵیتر خەڵکی کامێران، بە شێوەی نایاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤(١١ی سپتەمبری ٢٠٢٥) پەیام حوسێنی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی ئاوایی لون سادات و دانیشتوویی کامێران، بە شێوەی نایاسایی لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانان (٨ی سپتەمبری ٢٠٢٥) منداڵێکیتر بە ناوی سۆران موزەفەری تەمەن١٧ ساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، سۆران موزەفەری نەخۆشی شەکرەی هەیە و ڕۆژانە پێویستی بە لێدانی دەرزی ئەنسۆلینە.

شایانی باسە کە سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ۲۱ی خەرمانانی ۱٤۰٤، (١٢ی سپتەمبری ۲۰۲٥) دوو برای تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی “کاوان و ئیحسان سەبوری” و حسام سەبوری تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی ئاوایی گازرخانی سەر بە شاری کامێران، بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی باوکیان دەستبەسەر کراون.


حسام سەبوری دوای چەند کاژێر لێپرسینەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئازاد کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی ئەم دوو منداڵە تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوەکانی کاوان و ئیحسان سەبوری لەبەردەستدا نییە و تا ئێستاش لە گرتووخانەن.
پێشتریش، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ۱٤۰٤، دوو منداڵی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی بێهروز ڕەشیدی و ئەوراز زەمانی خەڵکی ئاوایی پاڵنگانی سەر بە شاری کامێران، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و نایاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەمنیەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ناڕوونی دوو مێرمنداڵی کورد ڕادەگەیەنێ، منداڵان بە هۆی هەلومەرجی هەستیاریانەوە هەمیشە لە سیستەمی یاسا و مافدا تەنانەت لە کاتی ئەگەری تووش بوون بە تاوانێک لە ستانداردگەلی پشتیوانی تایبەت بۆ لێپرسینەوە و لێکۆڵێنەوە بەهرەمدندن و مافیان پارێزراوە.
کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە حکومەتی ئێرانیش پەسندی کردووە و هەروەها بە پێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنی لە حوکمی سزای ناوخۆدا، دەستبەسەر کردنی پێش دادگایی دەبێ لە ئەگەری پێویستدا وەک دوایین هەنگاو کەڵکی لێ وەرگیرێ. هەر لەم پێوەندییەدا یاسای مەدەنی و ناوخۆی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش فەرمانێکی لەم بارەوە لە مادە ٢٨٧ی یاسای داد گونجاندوە. بەم پێیە هەوڵی سەرەکی بۆ ئەسپاردنی منداڵ یا تازەلاوە بە دایک و باوک یا سەرپەرستی یاسایی و دەستبەسەر کردن لە کاتی لێپرسینەوە سەرەتاییەکان لە هەلومەرجێکی تەواو جیاواز و دەگمەندا ڕێگە پێدراوە.
پێشێلکردنی مافی پڕۆسەی لێپرسینەوەی تایبەت بە منداڵان تەنیا لە چوارچێوەی قۆناغی بەر لە دادگاییدا بەرتەسک نەبووەتە، بەڵکوو تەشەنەی کردووەتە سەر بابەتی دادگای ساڵح و پشکی ڕەچاوگیراو بۆ منداڵان و مێرمنداڵان لە ڕەوتی دادگاشدا.
ئەم ستانداردە داوەری و قەزاییانەی پشتیوانی لە منداڵان بریتین لە سنووردار کردنی دەستبەسەرکرانی مناڵ بەر لە لێپرسینەوە، دەستڕاگەیشتنی خێرا بە بنەماڵە، قەدەغە کردنی گوشاری جەستەیی و دەروونی و دەستڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری یاساناس و پارێزەری گونجاو لەگەڵ دۆخی منداڵ.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانەی ئاماژەی پێکراوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دادستانی گشتی ئوستان و بەرپرسی گشتی ئیتلاعاتی کوردستان بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی تەندروستی جەستەیی و دەروونی ئەم منداڵانە دەزانێ.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین