بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: زیاتر لە ٣٧ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەر و ڕاگرتنی نایاسایی ڕامین گورگانی شارۆمەندی کوردی خەڵکی کامێران لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە تێدەپەڕێت. هانا ئاگادار کرایەوە کە ئەم شارۆمەندە تەمەن ٣٤ ساڵە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی پەیوەندی کردن بە بنەماڵەکەی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بێبەش کراوە و ئەم بابەتە نیگەرانییەکی جددی بۆ بنەماڵەکەی دروست کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ڕامین گورگانی زیندانی سیاسی پێشوو، خەڵکی شاری کامێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە؛ هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە ئەویان لە شەقامێکی کامێران دەستبەسەر کردووە و دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دوای پشتکنینی ماڵەکە دەستیان بە سەر کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسی ئەودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
رامین گورگانی پێشتر لە رێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر و دوای چەند هەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو ، دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی کامێرانەوە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزا درا و دواتر ئەم حوکمە گۆڕدرا بە پێبژاردنی جەریمەی نەخدی.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی بەنسبەت نادیاری بارودۆخی ئێستا و گوشارەکان لە سەر ئەم شارۆمەندە کوردە، داوای ڕونکردنەوەی بەپەلە لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و ڕچاو کردنی مافە یاساییەکانی دەستبەسەر کراوان بە پێی یاسا ناوخۆیی و پەبەندبوونە نێونەتەوەییەکان دەکات.
