فەرزاد مەردۆخی تەمەن ٢٦ ساڵ ، خەڵکی ئاوایی “دەژن”ی سەر بە کامێران، سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا .
پاش ڕاگیران بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە لە رێکەوتی ٣ی ڕێبەندان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە ڕاگوێزرا . دوای تێپەڕ بوونی زیاتر لە مانگێک لە ڕۆژی دەستبەسەر کرانی ئەم شارۆمەندە ، تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردن یا ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە لە بەر دەستدا نییە .
فەرزاد مەردۆخی پێشتر لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە شاری کامیاران دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .
نیگەرانییە مافی مرۆییەکان :
دەستبەسەرکردنی درێژخایەن بەبێ تۆمەتی ڕوون پێشێلکردنی ڕوونی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ . ڕاگرتنی تاکەکان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی ئەمنی و بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بەبێ پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکانیان، نیگەرانییەکی جددی لەبارەی ئەگەری فشاری دەروونی و جەستەیی لەسەر دەستگیرکراوەکان دروست دەکات.بە پێی مادەی نۆیەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە ئێرانیش بەشداریەتی ، هەموو کەسێک مافی ئازادی شەخسی هەیە و نابێ بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر و زیندانی بکرێت . هەروەها پێویستە دەستبەجێ کەسانی دەستبەسەرکراو لە هۆکاری دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە و دەستیان بە پارێزەر بگات .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە هەموو دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕاپۆرتدەرانی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی ئازادییە مەدەنییەکان دەکات :
١- گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێدانی زانیاری شەفاف سەبارەت بە دۆخی یاسایی فەرزاد مەردۆخی.
٢: بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستی جەستەیی و دەروونی ، بە تایبەت لە هەلومەرجێکدا کە ئەگەری فشاری نایاسایی هەیە .
٣: دەستبەجێی دەسپێڕاگەیشتنی ئەم زیندانیە بە پارێزەرێکی سەربەخۆ و مافی پەیوەندیکردن بە خێزانەکەیەوە .
٤: پشتیوانی لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە لە ئێران و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی کۆتایی هێنان بە دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە .
بەردەوامی دەستبەسەرکردن و نادیاری چارەنوسی فەرزاد مەردۆخی نموونەی نەخشەی سەرکوتی سیستماتیکی ناڕازییان و چالاکانی مەدەنی لە ئێرانە .