رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی کەیومەرس واعێزی مامۆستا و چالاکی سنفی خەڵکی شاری سۆنقۆری سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکانەوە لە بەردەم ماڵەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزروە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاند، ئەم دەستبەسەرکردنە دوای ئەوە ئەنجام دراوە کە ئیدارەی ئیتڵاعاتی سۆنقۆر لە دوای بڵاوبوونەوەی بانگەواز بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین ئەوی بانگ کردووە و هەڕەشەی لێکراوە کە ئەگەر لە ماڵەکەی بێتە دەرەوە دەستبەسەر دەکرێت.
ناوبراو پێشتر لە جەریانی خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە ساڵی ١٤٠١، دوای ٢٧ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتی بە حوکمی خانەنشین کردنی زۆرەملێ لە سەر کارەکەی لابرا و لە هەمان ساڵدا بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت و هاندانی خەڵک” لە لایەن دادگای شۆڕشەوە بە شەش ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو.
شایانی باسە، لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگێک بە سەر کاتی دەستبەسەرکردنی تا ئێستا هیچ جۆرە زانیاریەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی یاسایی ئەو لە بەردەستدا نیە و ئەم دۆخەش نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێکەوتووەتەوە.
