بەردەوامی دەستبەسەری دلێر سەلیمی و کەمتر خەمی بەرپرسان لە ئاست بارودۆخی جەستەیی

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە دلێر سەلیمی تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی عەبدولرەحمان، خەڵکی سەقز لە گرتنگەی شەهرامفەری سنە ڕاگیراوە و لە نەخۆشی کوچیلە ئازار دەچێژێت و سەرەڕای بارودۆخی خراپی جەستەیی تا ئێستا هیچ جۆرە پێڕاگەیشتن و خزمەتگوزاریەکی پزیشکی پێشکەشی نەکراوە و ئەمەش نیگەرانی قوڵی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێکەوتووەتەوە.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، زیاتر لە ١٢٧ ڕۆژە دلێر سەلیمی بە شێوەی خۆسەرانە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا لە سەرجەم مافە بنەڕەتیەکانی لەوانەش دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان دلێر سەلیمیان لە جاددەی ساوە دەستبەسەر کرد و دوای دوو ڕۆژیش هاوسەرەکەی بە ناوی “ژیلا تەشەکۆری” خەڵکی سەقز، بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بڕیاری دادوەر لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.


بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ژیلا تەشەکۆری دوای نزیکەی دوو مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.


شایانی باسە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە کوردە هیچکام لە دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکان تا ئێستا وڵامێکی ڕوونیان لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردن ، شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی تەندروستی ئەو نەداوەتەوە و ئەمەش نیگەرانی قوڵی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێکەوتووەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین