لەم نامەیەدا کە بۆ یەکەمجار لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاو دەکرێتەوە ، رزگار بەیگ زادە بابامیری بەندکراوی سیاسی کورد کە بە هۆی هاوکاری مرۆیی و گەیاندنی دەرمان بە بریندارانی بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوو و ماوەی نزیکەی چوار مانگە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعات ئەشکەنجە دراوە ، ڕوو لە بەرپرسی دادگا ، بەهۆی پێشێلکردنی مافی تۆمەتبار لە ڕێوشوێنێکی پێڕاگەیشتنی تاوانکاریدا ، دادگا بە ناشەرعی ڕادەگەینێت .
رزگار بەیگزادە وێڕای ئاماژەدان بە داواکاری بەڕێوچوونی دادگای ئاشکرا کە دژایەتی رەزا نەجفزادە بەرپرسی لقی ١ی دادگای شۆڕش لێکەوتووەتەوە ، ئاماژە بە پێنەدرانی مافی بەرگری خۆی و پارێزەرەکەی لە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن دەکات . ڕزگار هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سکاڵاکانی لە سەر لێکۆڵەرانی ئیدارەی ئیتڵاعات سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە .