رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە بڕیاری دەستبەسەری چیاکۆ رەزایی وەرزشکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، بۆ چوارەمین جار درێژ کراوەتەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچووە کە زیاتر لە ١١٠ ڕۆژە ئەم وەرزشکارە لە ڕووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە و هیچ زانیاریەک لە سەر بارودۆخی جەستەیی و یاسایی ئەو لە بەردەستدا نیە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری دەستبەسەری چیاکۆ رەزایی کە پێشتر تا ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، کاتی هەبوو، بە کۆتایی هاتنی ئەم ماوەیە نەک تەنها ئازاد نەکراوە بەڵکوو بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەی یاسایی بخرێتەڕوو، دووبارە تا ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ (١٠ی ژانیویەی ٢٠٢٦) درێژ کراوەتەوە و ئەم درێژکردنەوە یەک لە دوای یەک و ناشەفافانە نیگەرانییەکانی لەبارەی دۆخی دۆسیەکەی و چارەنووسی چڕتر کردووەتەوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە هانای ڕاگەیاند، کە بنەماڵەی چیاکۆ رەزایی لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لە سەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی نیە و وێڕای سەردانیکردن و بەدواداچوونی بەردەوامیان بۆ دامەزراوە ئەمنی و داوەریەکان هیچ جۆرە وڵامێکیان دەست نەکەوتووە.
لەگەڵ بەردەوامی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە، پێشتر فەرمانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بۆ ئازادکردنی چیاکۆ ڕەزایی دەرچووە، بەڵام هێشتا ئەم فەرمانە جێبەجێ نەکراوە و لە دەستبەسەریدا ماوەتەوە، ئەمەش پرسێکە کە ناڕوونییە یاساییەکانی دۆسیەکەی زیاتر کردووە.
شایانی باسە چیاکۆ رەزایی لە رێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤، بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕاگیرانی درێژماوەی ئەو لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە، دەستڕانەگیشتنی بە پارێزەر و بێبەش کرانی لە مافی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەکەی، نیگەرانی جیددی لە سەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی ئەوی لێکەوتووەتەوە.
ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی، درێژکردنەوەی دووبارە و ناڕوونی فەرمانی دەستبەسەرکردنی، جێبەجێ نەکردنی ئازاد کرانی بە بارمتە و ڕەتکردنەوەی مافە سەرەتاییەکانی بۆ بەرگریکردن، نموونەی ڕوونی پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتبارن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی لە دۆخی ئەم وەرزشکارە کوردە، داوای ڕوونکردنەوەی خێرای دۆخی یاسایی چیاکۆ ڕەزایی و جێبەجێکردنی بڕیارە دادوەرییە دەرچووەکان، دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و درێژکردنەوەی ناڕەوای فەرمانی دەستبەسەرکردنی دەکات.
