بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆلبەرێک بە ناوی “هێژا شیری”، تەمەن ١٧ ساڵ ، خەڵکی شاری جوانرۆ لە سنووری “نەسوود” لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە کرایە ئامانج و پشتی بە سەختی بریندار بوو .
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان بە هۆی هەژاری دەست خستنی بژیوی ژیان ، لە جیاتی پەروەردەکردنی خۆیان و پەرەپێدانی هۆشیاری و تواناکانیان بۆ پێشکەوتنی خۆیان و کۆمەڵگا ناچار دەبن بۆ مانەوەیان کار بکەن .
ئامارە ناحکومییەکان کە لەلایەن چالاکوانانی مافی منداڵان و مافی مرۆڤەوە کۆکراونەتەوە ئاماژەن بۆ ژمارەی دانیشتووانی حەوت ملیۆن منداڵی کرێکار و بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و هەڵاوسان پێشبینی دەکرێت ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت لە گەشەکردن .سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان وەک بەشێک لەم جوگرافیایە هەمیشە بەدەست سیاسەتی داڕمانی ئابووری کۆماری ئیسلامییەوە دەناڵێنێت هەڵاواردنی نەتەوەیی و هەژاری سیستماتیکیش بووەتە هۆی ئەوەی کە پارێزگاکانی کوردستان هەمیشە لەڕووی هەژارییەوە هەمیشە لە پلەی یەکەمی وڵات بن .
بێ گومان منداڵانی کوردیش زیاتر لە ناوچەکانی دیکە قوربانی ئەم سیاسەتەن ، بەڵام زیادبوونی دیاردەی مەترسیداری منداڵانی کۆلبەریش مەترسی لە سەر کۆمەڵگای کوردستان دروست کردووە . لە لایەکی تریشەوە سەربازانی منداڵ ، دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان ، هاوسەرگیریی منداڵان و… دیاردەی پەیوەندیدارن کە کۆمەڵگا بەرەو داڕمانی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەبەن .