بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانانی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە ناوی “میلاد تەبد” کوڕی حەبیب، خەڵکی ئاوایی “گلیە”ی سەر بە قەزای ناوەندی مەریوان، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری “دەرۆکێ” سەری بە قورسی بریندار بووە.
بە گۆێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا؛ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە، کۆڵبەری بریندار سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی بوعەلی سینای مەریوان ڕاگوێزراوە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکانیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە شاری سنە کراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەنسبەت بەردەوامی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە هۆشداری دەدات و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم کردەوانە پێشێلکاری ئاشکرای مافی ژیان و یاسای قەدەغەی بەکارهێنانی خۆسەرانە چەک لە دژی خەڵکی سڤیلە.