بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کامران ساختمانگەر ، چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە ، لە دوای بانگهێشت کرانی پشوەختەی ، لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” دادگایی کراوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ ئەم چالاکی مەدەنیە ، کاژێر نۆ و نیوی بەیانی لە دادگا ئامادە بووە و کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی دەستی پێکردووە .
تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو ، بڵاو کردنەوەی بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بە کار هێنانی هاشتەگی دژی ئێعدام لە ڕێرەوی بەرەنگار بوونەوەی حوکمی ئێعدام ڕاگەینراوە .
کامران ساختمانگەر بە بڵاو کردنەوەی بابەتێک لە لاپەڕەکەی خۆیی ، وێڕای جەختکردنەوەی لە مافی ئازادی ڕادەربڕین وەک مافێکی بنەڕەتی هاووڵاتی و سیاسی ڕایگەیاند کە لە جەریانی دادگادا بە ڕوونی بەرگری لە بۆچوونەکانی خۆی کردووە و دژایەتی خۆی لەگەڵ سزای لەسێدارەدان بە هێنانەوەی هۆکارە کۆمەڵایەتی ، سیاسی و یاساییەکان ڕوون کردووەتەوە.
کۆبوونەوەی دادگا کاژێر یازدە و نیو کۆتایی هات و بە وتەی ئەم چالاکی مەدەنیە بڕیار دراوە کۆتا بڕیار لە هەفتەی داهاتوودا دەر بکرێت و پێی ڕاگەینرێت .
لە لایەکی دیکەوە بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هانا ، هاوکات لەگەڵ بانگ کرانی کامران ساختمانگەر لانیکەم دە کەس لە مامۆستایان و چالاکانی بزووتنەوەی سنفی مامۆستایانیش لە لقی دووی دادگای کەیفەری سنە بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” دادگایی کراون کە ناسنامەکانیان بریتیە لە : محەمەدڕەزا مورادی ، موختار ئەسەدی ، سێدغیاس نیعمەتی ، رەزا تەهماسبی ، مەجید کەریمی ، سەلاح حاجی میرزایی ، شەهریار نادری ، ئارام ئیبراهیمی ، سادق کەنعانی و بێهزاد قەوامی .