بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : مامۆستا بەرزان مەلەکی ، ئیمامی هەینی و پێشنوێژ و لە مامۆستایانی مزگەوت جەمیعەی شەیخینی شاری سنە ، دووبارە لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی هەمەدانەوە بانگ کراوە .
ئەم مامۆستا سوننە مەزەبە کوردە کە پێشتر بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو ، بۆ پێشکەشکردنی کۆتا بەرگریەکانی ، بۆ ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بانگی ئەم دادگایە کراوە .
ناوبراو پێشتریش لە ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دوای بانگ کران و ئامادە بوونی لە دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی هەمەدان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتیەکانەوە دەستبەسەر کرابوو .
مامۆستا بەرزان ڕۆژێک پێش دەستبەسەر کرانی واتە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی جۆزەردان ، بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە بانگ کراو ماوەی نزیک بە دوو کاژێر لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرابوو .
هەروەها پێشتریش لە ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای دێولان بۆ سنە بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی هەڵگری مامۆستا مەلەکی و شاگردەکانی ڕێگریان کربوو لە ڕۆیشتیان بۆ زاهیدان کە لە سەر بانگهێشت کرانی فەرمییان بۆ مزگەوتی مەکی بوو و ئەم مامۆستایە و شارگردەکانیان بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوون .