بانگ کرانی دووبارەی سامان غەزاڵی چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی کورد لە مەهاباد

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی کە سامان غەزاڵی ڕۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٣٠ سپتامبەری ٢٠٢٥) دوای بانگ کرانی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بۆ پۆلیسی ئەمنیەتی گشتی (فەراجا)ی ئەم شارە، ماوەی چەند کاژێرێک لێپرسینەوە لێ کراوە.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ئەم چالاکی مەدەنیە دوای ئامادە بوونی لە بنکەی پۆلیسی ئەمنیەتی گشتی سەبارەت بە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بڵاو کردنەوەی بابەتی سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لێپرسینەوە لێ کراوە و بۆ واژۆ کردنی بەڵێننامەی نوسراو بە ناونیشانی درێژە نەدان بە چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گوشاری خراوەتە سەر.

سامان غەزاڵی لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و دادگایی کراوە.

ئەو لە رێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠١، دوای ڕۆیشتنی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئەمنی لە ورمێ ڕاگوێزرا و دوای دوو مانگ لە رێکەوتی ٥ی سەرماوەز، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠١، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” سزای ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری، ٥ مانگ بەندکرانی تەعلیقی و ساڵێک بێبەشکران لە کاروباری ڕۆژنامەوای بە سەردا سەپێندرا.

ئەو پێشتریش لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩، بە هۆکاری چالاکی ڕۆژنامەوانی و تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” دەستبەسەر و لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە ٢ ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درابوو کە بەشێک لەم حوکمەی لە زیندانی مەهاباد بە سەر برد و لە رێکەوتی ٩ی پوشپەڕی ١٤٠٠ لە زیندان ئازاد کرابوو.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی خۆیی لە ئاست بەردەوامی گوشارە ئەمنیەکان لە سەر ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی مەدەنی ئەم کارە بە پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕین و پابەندبوونە نێونەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری مافی مرۆڤ دەزانێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین