بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا: شارۆمەندێکی کورد بە ناوی جەبار عەزیزی چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری جوانڕۆ ، بە تۆمەتی دووبارە بڵاوکردنەوەی فایلێکی دەنگی و ئاشکراکردنی کەیسەکانی گەندەڵی دارایی لە شارەوانی ڕوانسەر بانگهێشتی دادگا کراوە . ئەم بانگهێشتنامەیە دوای سکاڵایەکی فەرهاد تابزەر ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ڕوانسەر و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی شار دەرچووە .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە ؛ جەبار عەزیزی زانیاری لەسەر دامەزراندنی هاوسەری سەرۆکی شارەوانی بە موچەی مانگانەی ٢٢ ملوێن تمەن لە شارەوانی و هەروەها گواستنەوەی نهێنی مانگانە ٦٠٠ ملوێن تمەن لە هەژماری شارەوانییەوە بۆ هەژماری پەیمانکارێک بڵاو کردووەتەوە .
پێشتر لە فایلێکی دەنگیدا کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە ، پەیمانکارێک بە ناوی یوسفی بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە زیاتر لە ٦٠ سکەی زێڕی وەک بەرتیل بە فەرهاد تابزەر و چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەوانی ڕەوانسەر داوە .
ساڵی ڕابردوو سکاڵا لەسەر ئەم فایلە دەنگییە لە دادگا تۆمار کرا، بەڵام بەهۆی کاریگەریی مەلا قادر قادری ئیمام جومعای پاوە ، دۆسیەکە داخرا و سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەنی شار بێتاوان دەرچوون .
ئێستا دوای ساڵێک جەبار عەزیزی بەهۆی دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانە ڕووبەڕووی داوای یاسایی لە لایەن دەسەڵاتە خۆجێییەکان بووەتەوە .دەگوترێت فەرهاد تابزەر سەرۆکی پێشووی شارەوانی پێشتر لە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە گەندەڵی دارایی و دامەزراندنی بنەماڵە لە شارەوانییەکانی جوانڕۆ و ڕوانسەر تۆمەتبار کراوە ، بەڵام بە پاڵپشتی دامەزراوە ئەمنی و ئایینییە ناوخۆییەکان لە لێپێچینەوەی قەزایی و یاسایی دەربازی بووە .