ئەیوب جەوانپور بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤،(٢٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) ئەیوب جەوانپور چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کراوە.

بە پێی زانیاریەکانی هانا، ئەم چالاکوانە مەدەنیە مانگێک مەجالی پێدراوە کە بۆ جێبەجێ کرانی سزای دوور خستنەوەی لە شاری سەقزەوە بڕوا بۆ شاری باو لە پارێزگای خوزستان.

ئەیوب جەوانپور ڕۆژی دووشەممە۱۳ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئەم  شارە ڕاگوێزراوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە که شەوی یەکشەممە ۱۱ی گەلاوێژ، ناوبراو لە لایەن  گروپێکی سەلەفیەوە هێرش کراوەتە سەر و بە سەختی بریندار بووە.
ئەیوب جەوانپور چەند ساڵ لەوە پێش  چەندین جار لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرابوو.
لە خەرمانانی ساڵی ۱۳۹۶ به هۆکاری  بەشداری لە گردبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرا و دواتر  لە ٣ی  خەرمانانی ۱۴۰۱، لە بزوتنەوەی “ژن، ژیان ، ئازادی” جارێکی دیکە دەستبەسەر ودوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .
هەروەها ساڵێک دواتر لە ڕێکەوتی ۲۰ی جۆزەردانی ۱۴۰۲، بۆ سێهەمین جار دەستبەسەر کرا و دوای سێ مانگ لە دەستبەسەر بوون لە  ئیدارەی  ئیتڵاعات بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرابوو.
ئەیوب جەوانپور لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای  سێدارەی چوار  زیندانی سیاسی کورد لە  بەفرانباری ۱۴۰۲، مانی لە خواردن گرت و بۆ ماوەی یەک حەفتە  لە ژۆری تاکە کەسی ڕاگیرابوو.
ناوبراو دوای یەک ساڵ  زیندان، سزای ۱۵ مانگ دوورخستنەوە بۆ شاری باوی لە پارێزگای   خوزستان سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین