میکانیزمی کاردانەوەی خێرای گروپی حەوت(G7RRM) ڕۆژی هەینی ١٢ی سپتەمبری ٢٠٢٥(٢١ی خەرمانان) بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، کردەوە سەرکوتگەرانە و چالاکیە نایاساییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی وڵاتی بە توندی سەرکۆنە کرد.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بە هەڕەشە، ڕاودوونان، ڕفاندن و تەنانەت کوشتنی دژبەرانی سیاسی و ڕۆژنامەوانانی دەرەوەی وڵات، یاسا نێونەتەوەییەکان و سەروەری وڵاتانیان پێشێل کردووە.
بەیاننامەکە هەروەها لە ئاست هەڕەشە لە بنەماڵەی ڕۆژنامەوانان، ترساندن و هەڕەشە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بڵاو کردنەوەی زانیاریە کەسیەکان و دروستکردنی بۆشایی کۆمەڵایەتی هۆشداری داوە.
گروپی حەوت وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیان ڕایگەیاند، درێژە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی خۆیی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم کردەوانە و پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ئاسایشی شارۆمەندان دەدات.