ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کرایەوە کە ئەمیر سەیدی تەمەن ٢٨ ساڵ، چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی خەڵکی مەهاباد بە هۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بووە ئێران بەجێبهێڵێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێشتر ئەمیر سەیدی دەستگیرکراوە و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسی و مافی مرۆییەکان لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.
فشارە بەردەوامە ئەمنییەکان، هەڕەشەی دووبارە دەستگیرکردنەوە و سنووردارکردنی توندی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان ژیانی بۆ سەخت کردووە و دواجار ناچاری کردووە وڵات بەجێبهێڵێت.
هەر وەها هەواڵەکانی گەیشتوو به هانا ئاماژە بەوە دەکەن که چالاکانی مەدەنی وکۆمەڵایەتی شاری مەهاباد له هەل و
مەرجێکی هاوشێوەدان و ڕۆژانە لە بەردەم مەترسی دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە، ئەشکەنجەدان، گوشاری دەروونی و دوور خسەەوەدان.
کەشی ئەمنی بەرفراوان بووەتە هۆی سنوورداربوونی توندی بواری چالاکییە مەدەنییەکان و مافی مرۆییەکان و ئاستەنگێکی جددی لە سەر ڕێگەی بەرگریکردن لە مافی شارۆمەندان دروستکردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم کردەوانە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ دەزانێت و داوای سەرنجی خێرای دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی جیهانی بە دۆخی چالاکانی مەدەنی لە مەهاباد و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ئێران دەکات.