ئەمڕۆ چل و چوارەمین ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادیە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە
لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ بە پێی ڕاگەیندراوی فەرمانداری ئەو کاتی مەهاباد حەمیدرەزا جەلایپور ، ٥٩ کەس لە شارۆمەندانی مەهابادی بە هۆی “پەیوەندی لەگەڵ دژە شۆڕش” لە سێدارە دران .
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ئەم ٥٩ شارۆمەندە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦١ و سەرەتاکانی ساڵی ١٣٦٢، لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە بە کۆمەڵ دەستبەسەر و بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون . ئەم دەستبەسەر کردنە یەکێک لە کۆمەڵە کردەوە سەرکوتگەرانەکان بوو کە دوا بە دوای دەرچوونی فتوای جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی لە دژی خەڵکی کوردستان جێبەجێ دەکرا .
لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی حزبە کوردستانیەکان لەگەڵ توندوتیژی هێزە هێرشبەرەکانی سەر بە حکومەت بۆ سەر شارەکانی کوردستان ، فەرماندەی ئەو کاتی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران “محەمەد بروجردی” لە پێکدادانێکی نیزامی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان دەکوژرێت .
بە پێی بەڵگەنامە بەردەستەکان ، هێزەکانی حکومەت بە باوەڕی تۆڵە سەندنەوە بڕیار دەدەن بە خێرایی بەشێک لە زیندانیە سیاسیە کوردەکان لە سێدارە بدەن . لەم ڕێڕەوەدا ٥٩ شارۆمەندی مەهابادی زیندانیکراو لە زیندانی ورمێ بۆ شاری تەورێز ڕاگوێزران .
سەرجەمی ئەم کەسانە بەبێ پێدرانی گەڕەنتی پێڕاگەیشتنێکی کەیفەری و کەڵک وەرگرتن لە مافی بەرگری لە خۆکردن ، لە لایەن دادوەرەکانی دادگای شۆڕشی تەورێزەوە بە ئێعدام مەحکوم دەکرێن و بڕیارەکە بەپەلە و بە شێوەی شاراوە جێبەجێ دەکرێت .
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستکەوتوون و ئیفادەی کەسوکاری لەسێدارەدراوەکان ، زۆرینەیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە و بەپێی پێناسەی یاسایی لە کاتی لەسێدارەدانیاندا بە منداڵ هەژمارکراون. قوربانیانی ئەم تاوانە لە سەرەتاییترین مافەکانی تۆمەتبار وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی بێبەش کراون.
تا ئێستا هیچ بەڵگە و بەڵگەنامەیەک سەبارەت بە دادگاییکردنیان یان وردەکارییەکانی لەسێدارەدانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاونەکراوەتەوە .
بنەماڵەی قوربانیەکان سەرەڕای چەندین ساڵ بەدواداچوون و سەردانیکردنی دامەزراوە جۆرەوجۆرەکان تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لە سەر چارەنوسی تەرمەکان و شوێنی بە خاک سپاردنیان نیە .
بەپێی یاسای نێونەتەوەیی کەیفری ، ئەم جۆرە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵە کە پاڵنەرێکی دیاریکراوی پاڵنەرێکی تاوانکارییە و بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە ئەنجامدەدرێت ، بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت .
جگە لەوەش ڕادەستنەکردنی تەرمەکان و ئاشکرا نەکردنی شوێنی ناشتنیان خۆی بە تاوانێکی بەردەوام و سەربەخۆی نێودەوڵەتی دادەنرێت .
لە بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە هێشتا ئیبراهیم سنجقی لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و سەرۆکی ئێستای زانکۆی مالک ئەشتەر و هەروەها حەمیدرەزا جەلایی پور فەرماندار و بەرپرسی شۆرای تامین شاری مەهاباد لە ژیاندا ماون و بەپێی بنەمای دەسەڵاتی دادوەری گشتگیر ، دەتوانرێت لە دادگای ئەو دەوڵەتانەی ئەوروپادا دادگایی بکرێن کە جێبەجێکردنی ئەم بنەمایەیان لە یاسا تاوانکارییەکانیاندا قبوڵ کردووە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی خۆی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی گشتگیر، داوای لێپێچینەوەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کەسانە دەکات. لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپە، دەوڵەتان دەسەڵاتی دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەیان لە تاوانە قێزەونەکانی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەبێ گوێدانە شوێنی تاوانەکە و ڕەگەزنامەی تۆمەتبار هەیە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤