ئەمجەد ساڵح زادە دووبارە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) ئەمجەد ساڵح زادە تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ئەم شارۆمەندە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە شوێنی کارەکەی لە سەقز دەستبەسەر کراوە.

پێشتر لە ڕۆژی چوارشەممە “٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣” ئەمجەد ساڵح زادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی شەهرامفری سنە ڕاگوێزرا و دوای کۆتایی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێززا و دواتر لە رێکەوتی٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لەم بەندیخانەیە ئازاد کرابوو.

شایانی باسە ناوبراو لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” لە لایەن لقی یەکی لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد موستەفایی” بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزای درا و دواتر سزاکەی بە پێبژاردنی ١٦٠ ملیۆن تمەن جەریمەی نەغدی گۆڕدرا و ئەم سزایە جێبەجێ کرا.

ئەمجەد ساڵح زادە هەروەها لە رێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١ ، بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سەقز بانگ و دەستبەسەر کرا و دوای ڕۆژێک لێپرسینەوە ، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین