ئایهان ئیبراهیمی بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پوشپەڕی ١٤٠٤، ئایهان ئیبراهیمی شارۆمەندی کوردی خەڵکی ورمێ ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزراوە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ ئەم شارۆمەندە دوای ڕەت کرانەوەی سزاکەی پێشووی لە دیوانی باڵای وڵات ، لە لایەن لقی دووی دادگای ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “شاهینی” بە ساڵێک زیندانی تەعزیری سزا درابوو .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ دۆسیەکەی ئەو پێشتر لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پێداچوونەوەی لە سەر کرابوو و یەکەم سزاکەی کە شەش ساڵ زیندانی لە لایەن دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەردا سەپابوو ڕەت کرایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی لقی هاوتا کرابوو .

ئایهان ئیبراهیمی تەمەن ٢٩ ساڵ ، دەرچووی بەشی پەرستاری لە زانکۆی پزیشکی گیلان ، پێشتر لە سەرەتاکانی ڕەزبەری ١٤٠٣، لە لایەن لقی سێی دادگای ورمێ بە سەرۆکایە دادوەران “بەرزکار و نەجەفزادە” بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گروپە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران” سزای شەس ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێندرابوو .

ئەم شارۆمەندە کوردە ، لە رێکەوتی ١٨ی پوشپەڕی ١٤٠٣، بە شێوەی خوسەرانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و دوای دە ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە ڕاگوێزراوە و دواتر بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین