بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە ؛ لە ئەنجامی ئاگر کەوتنەوە لە شاخی ئاویەری سنە پێنج چالاکی مەدەنی و ژینگە پارێزی بە سەختی توشی سوتاوی بوون .
ئەم ئاگرە لە کاژێر یەک و نیوی نیوەڕۆی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ۱٤۰٤ دەستی پێکرد و تا درەنگانی شەو بەردەوام بووە .
بەم پێی ئەم ڕاپۆرتە ؛ ئاگرەکە ناوچەیەکی بەرفراوانی لێژایی شاخی ئاویەر ، لەوانە پشت پارکی منداڵان و شەهرەکی زاگرۆس و حەسەن ئاوای گرتووەتەوە .
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتوون ، ئاگرەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن خۆبەخشانی خۆجەیی و چالاکوانانی ژینگە ژینگە پارێزیەوە کۆنترۆڵ کراوە و دامودەزگا حکومییەکان تەنها ڕۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی بریندارەکان .
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا : لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە پێنج چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێز بە سەختی بریندار بوون و باری تەندروستی دووانیان بە ناوەکانی موحسێن حوسەینی پەناهی و حەمید مورادی ناجێگیر ڕاگەیەنراوە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کەوسەر لە سنە چارەسەر دەکرێن .
هەروەها سێ کەسی دیکەش بە ناوەکانی خەبات ئەمینی و چیاکۆ یوسفی نژاد و سەید موستەفا هەژیر تووشی سوتاوی و کێشەی هەناسەدان بوون و چەندین خۆبەخشی دیکە بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵ و برینی سوک چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە .
جێ ئاماژەیە تا کاتی ئامادە کرانی ئەم ڕاپۆرتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نادیارە .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە دەربڕینی نیگەرانی لە ناکارامەیی و کەمترخەمی دامودەزگاکانی حکومەت لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ژینگەییەکان، داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و سەربەخۆ لە سەرهۆکاری ڕووداوەکە و پشتیوانی پزیشکی تەواو بۆ بریندارەکان دەکات .