ئازادبوونی کیانوش چراغی دوای ١٤ مانگ زیندان لە زیندانی دەرەشار

هانا : ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٤، کیانوش چراغی تەمەن ٤٥ ساڵ ، خەڵکی دێهڵۆڕانی سەر بە ئیلام ، دوای تێپەڕ کردنی ١٤ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو بە هەڵپەسێردرانی درێژەی سزاکەی لە زیندانی دەرەشار ئازاد کرا .

کیانوش چراغی ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوە دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری ئەحکامی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزرا و دوای ماوەیەک لە ژێر چاوەدێری پابەندی ئەلەکترۆنیدا لەم زیندانە ئازاد کرابوو .

شایانی باسە لە رێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، لقی ٦ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیلام حوکمی هەڵوەشاندنەوەی پابەندی ئەلەکترۆنی کیانوش چراغی دەرکرد .

ناوبراو پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ ، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی ئیلامی جێگیر لە دێهلۆران بە سەرۆکایەتی قازی “سەید رەزا سەڵاحەدینی” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم و لە بەشی دیکەی دۆسیەکەی لە رێکەوتی “١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢” بە تۆمەتی “بڵاو کردنەوەی زانیاری ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان” لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی دێهلۆران بە سەرۆکایەتی قازی “حسێن پەناهی” بە دوو ساڵ زیندانی و نوسینی ٢٠٠ لاپەڕە وەسییەت نامە و توێژینەوە (تەحقیق) سەبارەت بە دە کەس لە کوژراوانی شەڕی  ئێران و عێراق بە خەتی خۆیی کە لە لایەن دامەزراوەی دیفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلامەوە پشتڕاست کرابێتەوە ، مەحکوم کرا .


کیانوش چراغی کارمەندی پێشووی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە رێکەوتی “١١ی رەزبەری ١٤٠٢” لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە دێهلۆران دەستبەسەر و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو .

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها