هانا : ئارمان شادیوەند گۆرانبێژی خەڵکی دەرەشاری ئیلام ، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتی قازی “داریوش پیری” بە تۆمەتی “بێڕێزی بە ڕێبەری حکومەتی ئێران” بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە ٨ مانگ بەندکرانی تەعزیری سزا درا .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هانا گەیشتووە ؛ کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی سەر ئەم هونەرمەندە لە رێکەوتی ٣٠ بەفرانباری ١٤٠٣ ، بەبێ ئامادە بوونی خۆیی بەڕێوەچووە .بە پشتبەستن بە مادەی ١٥ی یاسای کەمکردنەوەی سزادانی بەندکرانی تەعزیری پەسندکراوی ١٣٩٩ و بە پێی یاساکانی فرەیی تاوانەکان ، سزادانی توند بۆ ئەو جێبەجێ دەکرێت .ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ، بۆ لقی دوویی دادیاری دادسەرای گشتی و شۆڕشی دەرەشار بانگ کرا و لە رێکەوتی ٤ی سەرماوەز بە دانانی بارمتە بە شێوتی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ماەپارەی ئەم شارە ئازاد کرابوو .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەم حوکمە بە پێشێلکاری ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ ، ئازادی ڕادەربڕین و سەرکوتی چالاکانی کالتووری و هونەری دەزانێت و داوای سەرنجدانی کۆمەڵگای جیهانی بۆ دۆخی هونەرمەندان لە ئێران دەکات .