کوژرانی گەنجێکی کرماشانی بە ناوی سامان نەزەری لە ئاخێزی جەماوەری ئەو شارەدا

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆفی هانا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، شارۆمەندێک بە ناوی سامان نەزەری لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ناوچەی دەرەدرێژی سەر بە ئوستانی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە بەکارهێنانی چەکی جەنگی، بە شێوەیەکی زۆر توندوتیژانە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە. لە ئەنجامی ئەم سەرکوتکارییەدا، جگە لە سامان نەزەری، لانی کەم چوار هاوڵاتی تریش بە ناوەکانی محەمەد ڕەزا کەرەمی (١٦ ساڵ)، ڕەزا عەزیم‌زادە، مەهدی ئیمامی‌پوور و فارس (موحسین) ئاقامحەمەدی گیانیان لەدەستداوە. جێی ئاماژەیە، دوو کەس لەم گیانبەختکردووانە بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، دوای گەیاندنیان بۆ ناوەندە تەندروستییەکان گیانیان سپاردووە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکووم کردنی توندی بەکارهێنانی چەکی جەنگی دژی شارۆمەندان، ڕای دەگەیەنێت کە تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕەزایان، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤ و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی واژۆ کراو لە لایان کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بە تایبەت گیانلەدەستدانی محەمەدڕەزا کەرەمی، مێرمنداڵی ١٦ ساڵانە، وەک نموونەیەکی بەرچاوی کوشتنی دەوڵەتی و پێشێلکردنی قورسی مافەکانی منداڵان و مێرمنداڵان ئەژمار دەکرێت.
ڕێکخراوی هانا داوا دەکات لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، شەفاف و بێلایەنانە سەبارەت بەم ڕووداوانە ئەنجام بدرێت و بکەران و فەرماندەرانی ئەم تاوانانە بناسرێن و دادگایی بکرێن، هەروەها داوا دەکات کۆتایی بە سیاسەتی سەرکوتکاری توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران بهێنرێت.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها