لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوشی ئابووری ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و قەیراناویەوە کە ژیانی ڕۆژانەی زۆرێک لە بنەماڵەکان بە تایبەت گرووپە کەم داهاتەکان بە شێوەیەکی جددی کەوتۆتە مەترسییەوە.
دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان توانای شارۆمەندانی بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان زۆر کەمکردووەتەوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مافە مرۆییەکانیان هەبووە.
لەسەر بنەمای بنەماکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان، هەموو کەسێک مافی بژێوییەکی شایستە خۆراکی گونجاو و دەستڕاگەیشتن بە کاڵا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هەیە. ڕاپرسییە ئابوورییەکان دەریدەخەن کە تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە؛ نرخی دۆلار لە نزیکەی ١٢٣٠٠٠٠ ڕیاڵەوە بۆ ١٣١٠٠٠٠ ڕیاڵ بەرزبووەتەوە، کە یەکسانە بە زیادبوونی نزیکەی ٦/٥ لە سەد. ئەم هەڵاوسانە دراوانە تێچووی بەرهەمهێنان و هاوردەکردن و نرخی کاڵاکانیان زیاد کردووە و دەسەڵاتی ئابووری شارۆمەندانی سنووردار کردووە.
لە ماوەیەکی کورتدا نرخی شتومەکی خۆراکی ڕۆژانە، ئەو شتانەی کە بەشێکی گرنگی ئاسایشی خۆراکی خێزانەکان دابین دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
بەرهەمە شیرەمەنیەکان و هێلکە و میوە و تەنانەت نانە سادەکانی لەواش لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی لەسەدا ٤٠ نرخیان بەرزبووەتەوە. ئەم دۆخە توانای کڕینی خێزانە کەم داهاتەکانی کەمکردووەتەوە و دەستڕاگەیشتنیان بە کەمترین ئاستی ژیان و خۆراکی گونجاوی سنووردار کردووە.
هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بێبەرامبەر لە ٣٠ هەزار ڕیاڵەوە بۆ ٥٠ هەزار فشاری ئابووری زیاتری خستۆتە سەر شارۆمەندان. تێچووی سووتەمەنی، وەک ژێرخانی سەرەکی گواستنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ڕۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە هەیە و گرانبوونیشی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
ئەم دۆخە لە کاتێکدا بەردەوامە کە مووچەی بنەڕەتی کرێکاران، بە داهاتی پاکی مانگانە نزیکەی ١٣ ملیۆن تمەن، بەس نییە بۆ دابینکردنی تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانی یەک کەسیش؛ تاکوو ئەو خێزانانەی کە چەندین کەسن و کرێچیشن. کەلێنی نێوان داهات و تێچووی ڕاستەقینەی ژیان، ملیۆنان شارۆمەندی ئێرانی بەرەوڕووی ناسەقامگیری بژێوی ژیان و مەترسی لەسەر مافی ژیانێکی شایستە کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بێکاری و نەبوونی هەلی کارێکی سەقامگیر، بەتایبەتی بۆ سەرۆکی ماڵ و گەنجان، قەیرانی بژێویی گەورەتر کردووە و زۆرێک لە خێزانەکانی لە داهاتێکی جێگیر بێبەش کردووە. ئەم بارودۆخانە مەترسی بڵاوبوونەوەی هەژاری و بەدخۆراکی و زیانی کۆمەڵایەتی زیاد دەکەن و لێکەوتەی مرۆیی جددییان دەبێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم دۆخە پێچەوانەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە، لەوانە مافی بژێوییەکی شایستە و ئاسایشی خۆراک و کەرامەتی مرۆڤ. لەسەر بنەمای پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، حکومەت پابەندە بەوەی هەلومەرجێک دروست بکات کە مرۆڤ بتوانێت کەمترین پێداویستی ژیانی خۆی دابین بکات و لە قەیرانە ئابوورییەکان بپارێزرێت.
