ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی زیندانی سیاسی کورد زەینەب جەلالیان

ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی زیندانی سیاسی کورد …

…ناو: زەینەب جەلالیان

بەرواری لە دایک بوون : ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٦٠

شوێنی لە دایک بوون: یەکێک لە ئاواییەکانی ماکو

نەتەوە: ئێرانی (کورد)

دۆخی ئێستا: زیندانی سیاسی  لە زیندانی یەزد 

ماوەی دەستبەسەرکردن: لە ساڵی ١٣٨٣ەوە (زیاتر لە ١٧ ساڵ بەبێ یەک ڕۆژی مەرەخەسی)

٢: مێژووی دەستگیرکردن و سزادان: 

زەینەب جەلالیان،چالاکی سیاسی کورد لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٨٦ ،  لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە کرماشان دەستبەسەر و لە پووشپەڕی ١٣٨٨ ، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی کرماشانەوە بە تۆمەتی “موحاربە” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە گرووپی “پژاک”  سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنرا و سزاکە لە ئەنجامی گوشاری نێودەوڵەتی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا .

پێشێلکردنی ڕوونی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە:

دادگاییکردنی چەند خولەکی : پرۆسەی دادگاییکردنی تەنها چەند خولەکێکی خایاند بەبێ ئەوەی بەڵگەی پێویست بخرێتەڕوو .

زەوتکردنی مافی وەرگرتنی پارێزەری سەربەخۆ : زەینەب جەلالیان لە هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ و بەرگری یاسایی بێبەش کرا .

ئەشکەنجەدان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ :  ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو هەیە لەسەر ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەرونی بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ .

نەبوونی شەفافیەتی دادوەری : بڕیاری دادگا لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە دەرچووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا وەرگیران و هیچ بەڵگەنامەیەک بوونی نیە .

٣: بارودۆخی زیندان و ڕاگوێزانی بەردەوام :

زەینەب جەلالیان لە ماوەی زیندانی بوونەکەیدا چەندین جار بۆ زیندانە جیاوازەکان گواستراوەتەوە و زۆرجار بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی و بەبێ ئەوەی هۆکاری یاسایی بخرێتەڕوو .

لەرێکەوتی ١٣ی گوڵانی ١٣٩٩ ،  لە زیندانی خۆی بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین ڕاگوێزرا ، پاشان لە   رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ بۆ زیندانی کرمان و دواتر لە ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٩، بۆ زیندانی دیزڵاوای کرماشان، و دواجار لە خەزەڵوەری ١٣٩٩بۆ زیندانی یەزد (شوێنی دەستبەسەرکردنی ئێستای) گوازرایەوە .

ئامانجی ئەم گواستنەوەیانە بریتین لە:

فشاری دەروونی و جەستەیی ،

بڕینی پەیوەندی لەگەڵ خێزان و پارێزەران ،

ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی گونجاو

٤: باری تەندروستی و پێشێلکردنی مافە پزیشکییەکان:

زەینەب جەلالیان بە هۆی ئەشکەنجەدانی جەستەیی و بارودۆخی نامرۆڤیانەی زیندان ڕووبەڕووی کێشەی گەورەیی جەستەیی دەبێتەوە: لەوانەش کێشەی بینین ، لە جۆزەردانی ١٣٩٣ ، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لەوەی کە مەترسی کوێر بوونی تەواوەتی لەسەرە .

تووشبوون بە کۆرۆنا : لە جۆزەردانی ١٣٩٩لە زیندانی قەرچەک تووشی کۆرۆنا بوو، دەسەڵاتدارانیش ئامادە نەبوون بیگوازنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییە تەیارەکان .

مانگرتن لە خواردن:

ئەو لە رێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ ، مانی لە خواردن گرت بۆ داوای گواستنەوە بۆ زیندانی خۆی یان ئێڤین

، هەروەها لە ١٠ی گەلاوێژ ، دوای تووشبوون بە کۆرۆنا و بێبەشکردنی لە چارەسەری دووبارە مانی گرت .

ڕەتکردنەوەی چارەسەر : سەرەڕای خراپی دۆخی جەستەیی بەرپرسانی ئەمنی ڕێگری دەکەن لەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تایبەتمەند بکرێت.

٥: ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ:

بە پێی ڕاپۆرتە جێی متمانەکان :

خاتوو جەلالیان بەمەبەستی دەرهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ لێی کەوتۆتە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی توند.

ئەو لە سەرجەم مافەکانی لەوانە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژردراوی خۆیی و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە .

زیندانی تاکەکەسی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ : بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوو و خێزانەکەی ئاگاداری شوێنی نەبوون (دۆسیەی بەڵگەنامەیی لە پووشپەڕی ١٣٩٩).

٦: کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان: 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەندین جار داوای ئازادکردنی بەپەلە یان دابینکردنی چاودێری پزیشکی بۆ ئەوی کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕاپۆرتدەری تایبەتی مافی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانی خۆی لە بارەی دۆخی ئەو دەربڕیوە .

دامودەزگاکانی دیکە : ڕێکخراو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و پەیامنێرانی بێ سنوور بە بەردەوامی بەدواداچوونیان بۆ دۆخی ناوبراو کردووە.

٧: نموونەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ : 

پێشێلکردنی مافی ژیان و ئازادی ،  دەستگیرکردنی نایاسایی و سزای هەتاهەتایی ناڕەوا، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە، ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی و بێبەشکردنی لە چاودێری پزیشکی ، بێبەشکردنی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و نەبوونی شەفافیەت لە پرۆسەی دادوەری، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ئاگادار نەبوونی بنەماڵە سەبارەت بە شوێنی زێنەب جەلالیان لە ماوە جۆرەوجۆرەکاندا.

٨: داواکاری پێشنیار کراو :

گوشاری دیپلۆماسی: داوا لە یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی زەینەب جەلالیان فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران .

کەمپەینی ڕاگەیاندن : دەستپێکردنی هەڵمەتی جیهانی بۆ زیادکردنی هۆشیاری گشتی و ڕووماڵکردنی میدیایی فراوانتر.

بەدواداچوونی یاسایی: پێشکەشکردنی دۆسیەکەی بۆ دەزگا نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە.

پاڵپشتی خێزان: دابینکردنی پلاتفۆرمی پێویست بۆ پشتیوانی یاسایی و دەروونی لە بنەماڵەی زەینەب جەلالیان لە کارلێککردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ .

زەینەب جەلالیان هێمای خۆڕاگری ژنانی کوردە لە بەرامبەر سەرکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران. دۆخی خراپی جەستەیی و دەروونی ئەو پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا نیشان دەدات . بەردەوامی دەستبەسەرکردن و بارودۆخی نامرۆڤانە دەتوانێت لێکەوتەی خراپی هەبێت .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوا لە هەموو دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکات هاوکاری بکەن و فشاری خێرا بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئازادکردنی زەینەب جەلالیان بەبێ مەرج.

ئامادەکردنی : ئەرسەلان ئەحمەدی ریک ئابادی 

چوارشەممە ٥ی فێوریە ٢٠٢٥

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین