ڕاپۆرتی هانا لە سەر شەپۆلی دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ

بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە ڕۆژانی ١٠ تاوەکوو ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١ تا ١٠ی دیسامبری ٢٠٢٥) لانیکەم ٣٠ شارۆمەندی کورد پێکهاتوو لە ژنێک و ٢٩ پیاو، لە شار و ئاواییەکانی سنە، پیرانشار، ورمێ، شنۆ، بۆکان، سەحنە، مەهاباد، نەغەدە و سەردەشت، هەروەها شارۆمەندێکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان بۆ شوێنگەلێکی نادیار ڕاگوێزراون. بە گوێرەی زانیاریە پشتڕاست کراوەکان، دەستبەسەر کردنەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بەبێ بڕیاری دادوەر و لە هەندێک حاڵەتدا بە هەڵکوتانە سەر ماڵی شارۆمەندان ئەنجام دراوە و بنەماڵەکان تا ئێستا هیچ زانیاریەکیان لە سەر شوێنی ڕاگیران و بارودۆخی یاسایی دەستبەسەر کراوان نیە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، یەکشەممە ١٠ی سەرماوەز(١ی دیسامبری ٢٠٢٥) شارۆمەندێکی کورد بە ناوی عەزیزە مورادی خەڵکی سنە دەستبەسەر کراوە.

دووشەممە ١١ سەرماوەز(٢ی دیسامبر) دوو شارۆمەندی کورد، شەهرام نەجاری خەڵکی ئاوایی دلۆی سەر بە شاری ورمێ و کەیوان رەسوڵی ئازەر خەڵکی شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

سێشەممە ١٢ی سەرماوەز (٣ی دیسامبری ٢٠٢٥) ٤ شارۆمەند بە ناوەکانی محەمەد ئەسلوب و کەمال ئەسلوب خەڵکی پیراشار، هێرش پەرنیا خەڵکی نەغەدە و دانیشتوویی ئاوایی چشمەگوڵی سەر بە شاری شنۆ و سەید ئیسماعیل سەید مەحمودیان خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

چوارشەممە ١٣ی سەرماوەز (٤ی دیسامبر) ٣ شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی حەسەن شایخا خەڵکی ئاوایی سینگان، شوانە ئیبراهیمی خەڵکی ئاوایی ئاڵکاوی و شۆڕش سروەتی خەڵکی ئاوایی نلیوانی سەر بە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون.

پێنجشەممە ١٤ی سەرماوەز (٥ی دیسامبر) چوار شارۆمەند بە ناوەکانی سلێمان (محەمەد) ئیسماعیلی خەڵکی میراوای بۆکان، ئەحمەد زرەنگ خەڵکی گڵۆڵان، دیان رەسوڵپور و دیار حاجی ڕەسوڵپور خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کراون.

هەینی ٥ی سەرماوەز (٦ی دیسامبر) پێنج شارۆمەند بە ناوەکانی یەحیا میری خەڵکی سەحنە، سەید عەبدوڵڵا نیعمەتی خەڵکی سنە، ئارام جەمشیدون خەڵکی مەهاباد و ئەحمەد خۆداداد و مەحمود خۆداداد خەڵکی نەغەدە دەستبەسەر کراون.

شەممە ١٦ سەرماوەز (٧ی دیسامبر) پێنج شارۆمەند بە ناوەکانی ئومید بادی خەڵکی بۆکان، محەمەد مستەفا خەڵکی مەهاباد، سینا شەخسی خەڵکی سەردەشت، هێمن رەحیمی خەڵکی نەغەدە و عومەر (رەسوکە) ئەحمەد خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئامادە کردنی ڕاپۆرت لە سەر فێستیڤاڵی بەیت و حەیران چوونەتە کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی سەرماوەز (٨ی دیسامبر) ٤ شارۆمەند بە ناوەکانی کاوە کۆڵە و قادر کۆڵە خەڵکی ئاوایی کانی ڕەشی بۆکان، کازم ئازدە و ناسر ئازەروم خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کراون. هەروەها سمکۆ یوسفی مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی بۆکان دەستبەسەر کراوە و دوای چەندین کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە. ڕوژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەز (١٠ی دیسامبر) شارۆمەندێک بە ناوی سامان قوربانی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کراوە.

ئەو زنجیرە دەستبەسەر کردنانە کە لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا تۆمار کراون کە سەرجەمیان شارۆمەندانی کورد لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستانی ئێرانن بە سەرنجدان بە بڵاوبوونەوەی جوگرافی، ڕێژەی زۆری دەستبەسەرکراوان و نەبوونی شەفافیەت لە پڕۆسەی یاساییدا ڕەنگدانەوەی بەردەوامی ڕێبازی ئەمنیەتی و سەرکوتگەرانەی دامودەزگا ئەمنییەکانە. دەستنەگەیشتن بە پارێزەر بۆ دەستبەسەرکراوان، پچڕانی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ کەسە نزیکەکانیان و ڕاگوێزانی تاکەکان بۆ شوێنی نادیار، نیگەرانی جددی لە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندانی کورد لەوانەش مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی پاراستنی یاسایی دروستکردووە.
ئەم ڕەوتە کە بەگوێرەی ئەو شێوازانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەدیکرابوون چڕتر بووەتەوە،جارێکی دیکە پێویستی چاودێریکردن لەلایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و لێپرسینەوە لە بەرپرسان نیشان دەدات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین