ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، پەخشی دووبارەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە لایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە تیایدا تاکێکی چەکدار خۆی و هاوڕێکانی بە “پێشمەرگەی موسڵمان” دەناسێنێت و هەڕەشەی کوشتن لە لایەنە کوردییەکان دەکات، بە نیشانەیەکی نیگەرانکەری زیندووبوونەوەی یەکێک لە ناسراوترین میکانیزمەکانی سەرکوتکردن لە کوردستان دەزانێت.
بۆ ئەو کەسانەی کە ئاشنا نین بە پاشخانی سیاسی کوردستان پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە نازناوی “پێشمەرگەی موسڵمان” تەنیا پڕوپاگەندە یان ناونانی عەقیدەتی نییە. ئەم ناونیشانە ئاماژەیە بۆ پێکهاتەیەک کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی خۆیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنە کوردییەکان لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بە پشتبەستن بە لقەکانی حکومەت لە کوردستاندا دروستی کرد و بەهێزی کرد. لە بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورددا، ئەم تاکانە بە گشتی بە “جاش” ناسراون زاراوەیەک بەبێ گوێدانە مانای وشەیی خۆی، کە لە پرۆسەی سەرکوتکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورددا، بۆ هاوکارانی حکومەتی ناوەندی بەکاردەهێنرێت.
بابەتەکە تەنها لە ڤیدیۆیەکی هەڕەشەئامێز سنووردار نییە. دووبارە خستنەڕووی ئەم دیاردەیە لە لایەن میدیای دەوڵەتییەوە، دووبارە هێنانە کایەی مۆدێلێکی ئەمنییە کە تێیدا حکومەت هەوڵدەدات سەرکوتکردن لە دەرەوە بۆ ناوەوەی کوردستان بگوازێتەوە و بەشێک لە لقەکانی لە کوردستان بکاتە ئامرازی گوشار و تۆقاندن و توندوتیژی دژی کوردستان. ئەم سیاسەته تەنها ڕێکارێکی ئەمنی نییه، بەڵکو میتۆدێکه بۆ لەناوبردنی یه کگرتوویی کۆمەڵایەتی و قووڵکردنەوەی بێمتمانەیی و تێکدانی ژیانی سیاسی و پاساودانەوەی پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ له کوردستاندا.
لە هەمان کاتدا ئەم دیاردەیە لە ئاستی ڕەمزی و سیاسیشدا ئەرکێکی ڕوونی هەیە. کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە نازناوی “پێشمەرگەی موسڵمان” هەوڵ دەدات شەرعیەتی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزی “پێشمەرگە” کە بەستراوەتەوە بە خەباتی سیاسی و خۆڕاگریی حیزبە کوردییەکان لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کوردستاندا بسەنێتەوە و بیخاتە خزمەتی گێڕانەوەی فەرمی خۆیەوە. بۆ ئەوەی ڕوونتر بڵێین، حکومەت نەک هەر چەکداری خۆی ڕێکدەخات، بەڵکو لە هەمان کاتدا هەوڵی زەوتکردنی زمان و ڕەمز و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی کورد دەدات و بەم گۆڕانکارییە زمانەوانییە، هێڵی نێوان بەرخۆدانی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ میکانیزمی سەرکوتکردندا کاڵ دەکاتەوە.
لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەم مۆدێلە هیچ جۆرە شەرعیەتێکی نییە. دەوڵەتێک کە لەبری دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیانی لە هاوکارەکانی بۆ هەڕەشەکردن و تۆقاندن و سەرکوتکردنی توێژێکی دانیشتووان کەڵک وەردەگرێت، نەک هەر خۆی لە پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافی ژیان و ئاسایشی کەسی و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادیی پێکەوەگرتن دوور دەخاتەوە، بەڵکو بەکردەوە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی ڕێکخراو لەناو کۆمەڵگادا دەدات. هەڕەشەی کوشتن لە دژی نەیارانی سیاسی، چ ڕاستەوخۆ لە لایەن بەرپرسانی فەرمی یان لە ڕێگەی هاوکارانی حکومەتەوە لە کوردستان، بە ڕوونی لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ و ئەرکەکانی دەوڵەت بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێگریکردن لە توندوتیژی سیاسیدا ناکۆکە و ناگونجێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرلەنوێ بەرزکردنەوەی ئەم ناونیشانە و ئەم ئەدەبیاتە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا ڕەنگدانەوەی هەڵوێستێکی میدیایی نییە، بەڵکو درێژەپێدەری هەمان لۆژیکی کوشتن کە کوردستان نەک وەک قەوارەیەکی یاسایی-سیاسی، بەڵکو وەک پرسێکی ئەمنی بۆ ئەندازیاری و تۆقاندن و کۆنترۆڵکردن دەڕوانێت. دووبارە شەرعیەتدان بەو دیاردەیەی کە بە “پێشمەرگەی موسڵمان” ناسراوە، لە ڕاستیدا شەرعیەتدانە بە یەکێک لە ئامرازە وێرانکەرەکانی حکومەت بۆ لۆکاڵیکردنی سەرکوتکردن لە کوردستان و پاساوهێنانەوە بۆ ئەگەری سەرکوتکردنی خوێناوی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە توندی ئیدانەی ئەو کارە دەکات و بە بەشێک لە درێژەی سیاسەتی کەڵک وەرگرتن لە لقەکانی حکومەت لە کوردستان وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن و تۆقاندن و تێکدانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد لە دۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی بە هۆی شەڕەوە بە توندی لاواز بووە و بە کردەوە کۆنترۆڵی کاریگەرانەی بەسەر بەشەکانی کوردستاندا لە دەستداوەی، دەزانێت.
