ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە .
ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە .
بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ، زۆربەی پێشێلکاری مافی مرۆڤیەکان لە بەشەکانی مافی مەدەنی و سیاسی و بە تایبەتی لە بواری ئازادی کەسەکان ، قەدەغەی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە و مافی ژیان ڕوویانداوە .
سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە بە تایبەتی دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ، هانا ٩١ حاڵەتی لە دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمار کردووە .
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، زۆربەی هەرەزۆری ئەم دەستبەسەر کردنانە بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە و بڕیاری دادوەر ئەنجام دراون . زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ، چالاکیە مەدەنی ، چالاکیە میدیایی و لەم دواییانەش تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بووە . لە نێو دەستبەسەر کراوان ٢ ژن و مامۆستایەکی ئایینی شافیعی بوونیان هەیە .
سەبارەت بە مافی ژیان و سزادانی سێدارە ، لانیکەم ١٣ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لە نێو ئەم کەسانەدا ٨ کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان ، ٢ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و ٣ کەسیش بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراون . لە پڕۆسە کاتیەدا لە کوردستان لە مانگی ژوەن بە نسبەت مانگی مەی ، لە سێدارەدانەکان پەنجا و نۆ لە سەد زیادی کردووە .
دادوەرەکانی شۆڕشی لەم مانگەدا ، لە کۆی گشتیدا بۆ ١٠ کەس سزای ٣٣٤ مانگ زیندانیان دەر کردووە کە سەرجەمی سزاکان چوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە .
مانگی ژوەن شایەتی کوشتنی بە دەر لە یاسای کۆڵبەران و کاسبکاران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە . بەم پێیە لانیکەم ٣ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو یان بریندار بوون . ئەم ژمارە کەسە ، یەک کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و ٢ کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون .
قەتڵی حکومەتی : لەم مانگەدا ٣ کەس لەوانەش منداڵێک بە دەستی هێزەکان حکومەت کوژراوە . لاوێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی سالار خاڵەندی دوو ڕۆژ دوای ئازادی لە زیندان بە شێوەی گوماناوی لە خانەباخەکەی کوژرا کە ئاسەواری ئەشکەنجە لە سەر جەستەیی بینراوە ، هەروەها لاوێکی خەڵکی سنە بە ناوی ئازاد عینایەتی لە سەیتەرەی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکراو و کوژرا .لەم مانگەدا منداڵێکی مەریوانیش بە ناوی سەرمەس سەجادی بە هۆی بەرکەوتنی پارچەی پەدافەند [سیستەمی بەرگری ئاسمانی] کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەستداوە .
ئاماری خۆکوشتن (هانا بە سەرنجدان بە دۆخی قەیراناوی ئابوری-کۆمەڵایەتی ئاماری خۆکوشتن بڵاو دەکاتەوە ، بە پێی سیاسەتەکان خۆکوشتن بە جۆرێک لە توندوتیژی هەژمار دەکرێت)
لانیکەم ٤ کەس پێکهاتوو لە ٢ ژن و ٢ پیاو ، بە هۆکاری هەژاری و بێکاری لە شار و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە بە نسبەت مانگی ڕابردوو خۆکوشتن بیست لە سەد کەمی کردووە .
لێکۆڵینەوە مەیدانیەکانی هانا دەریدەخات کە ژنکوشتن و توندوتیژی ناموسی بە هۆکاری نەبوونی یاسای کاریگەری پارێزەر لە ژنان بەردەوامە . لە مانگی ڕابردوودا ٣ ژن بە دەستی پیاوانی بنەماڵە لەوانەش ، هاوسەر ، باوک یان براکانیان بە هۆکاری خێزانی و زۆرتر لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت پاڵنەری ناموسی کوژراون .
ڕووداوی شوێنی کاریش کە زۆرتر بە هۆی نەبوونی کەرستەی پارێزراو و ستانداردە پشتڕاست کراوەکانی رێکخراوی جێهانی کارەوە ڕوو دەدات ، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم ٤ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان .
هەڵسەنگاندنی مانگانەی هانادا دەریدەخات دەستگیرکردنەکان بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی جەنگ بە ڕێژەی لەسەدا ٥٩ زیادیکردووە ، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دروستکردنی ترس لەنێو شارۆمەنداندا کەڵکی لێوەرگیراوە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی جولای ٢٠٢٥
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگاپێدراوە .