ڕاپۆرتی مانگانەی هانا سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی مەی ساڵی ٢٠٢٥

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە .
ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە .

بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ، زۆربەی پێشێلکاری مافی مرۆڤیەکان لە بەشەکانی مافی مەدەنی و سیاسی و بە تایبەتی لە بواری ئازادی کەسەکان ، قەدەغەی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە و مافی ژیان ڕوویانداوە ، سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە ، هانا ٥٤ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانەی شارۆمەندانی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە .
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە و بڕیاری دادوەر ئەنجام دراوە . زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ، چالاکی ژینگە پارێزی ، مافی ژنان ، چالاکی مەدەنی و چالاکیە میدیاییەکان بووە . لە نێو دەستبەسەر کراواندا ٩ کەسی ژن و ٣ کەسی مامۆستای ئایینی هەیە .

سەبارەت بە مافی ژیان و لە سێدارەدان ، لانیکەم ٢٢ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لە نێوان کەسانی لە سێدارەدراودا ١٣ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و ٩ کەسیش بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان لە سێدارە دراون . بە پێی ڕاپۆرتی هانا ئاماری سێدارە لە مانگی مەی بە نسبەت مانگی ئاوریل ١٧٥ لە سەد زیادی کردووە .

دادوەرەکانی ئینقلاب لەم مانگەدا ، لە کۆی گشتیدا بۆ ١٤ کەس ، سزای ٤٤٢ مانگ زیندانیان دەرکردووە کە سەرجەمی سزا دەرچووەکان جێبەجێ کراون .
مانگی مەی شاهیدی کوشتنی بە دەر لە یاسای کۆڵبەران و کاسبکاران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە . بەم پێیە لانیکەم ٦ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو یا بریندار بوون . لەم ژمارە کەسە ، ٣ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و ٣ کەسیش بریندار بوون و کۆڵبەرێکیش دەستبەسەر کراوە بە پێنج ساڵ زیندان سزا دراوە .

خۆکوشتن :
لانیکەم ١٣ کەس پێکهاتوو لە ٢ ژن و ١١ پیاو ، بە هۆی هەژاری و بێکاری لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە کە بە نسبەت مانگی ڕابردوو ٤٥ لەسەد زیادی کردووە .

ڕاپۆرتی مانگانەی هانا هەروەها دەرخەری بەردەوامی توندوتیژی ناموسی و ژن کوشتنە لە شارەکانی کوردستان . لە مانگی ڕابردوو ٦ ژن لە لایەن پیاوانی بنەماڵە وەک هاوسەر ، باوکی یا برای خۆیان بە هۆکاری خێزانی و زۆرتر لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەگوترێت هاندەری ناموسی کوژراون و ٢ پیاویش هەر لەم پەیوەندیەدا کوژراون .
ڕووداوی کاریش کە زۆرترین هۆکاری نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار و ستانداردە پشتڕاست کراوەکانی رێکخراوی جیهانی کارە ، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم ٥ کرێکار لە شوێنی کارەکانیان .

تەقینەوەی مین :
لە مانگی مەی دوو کەس بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو یەک کەسیش بریندار بووە . کوژراو و بریندارەکانی ئەم مانگە سەرجەمیان سەرباز و لە هێزە چەکدارەکانی حکومەت بوون .

هەڵسەنگاندنی مانگانەی هانا :

هانا باوەڕی وایە کە کۆماری ئیسلامی بە زۆر کردنی جێبەجێ کردنی سزای سێدارە لە کاتێکدا هەم لە بواری ناوخۆیی و هەمیش لە سیاسەتی دەرەکی لە قەیراندایە ، بەتەمای ترساندنی خەڵک و ڕێگریکردنە لە دەستپێکرانی ناڕەزایەتیە بەربڵاوەکان لە سەراسەری ئێران .

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

ژوەنی ٢٠٢٥
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگە پێدراوە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین