ڕاپۆرتی مانگانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

دەسپێک

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە.

بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە.

دەستبەسەر کردنە سەرەڕۆیانەکان:

لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥، ناوەندی ئاماری هانا ٤٠ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی شارۆمەندانی کورد لە شار و ئاواییەکانی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە.ڕێژی دەستبەسەر کردن لە بەراوەرد لەگەڵ مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو ٢١٪ زیادی کردووە.لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٤٠ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراوە.بە پێی لێکۆڵینەوەکان زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە یان بڕیاری دادوەری ئەنجام دراون و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان زۆرتر شمولی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، چالاکی مەدەنی و سنفی، چالاکیە میدیاییەکان و بڵاو کردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە.لە نێو دەستبەسەر کراواندا ئەم مانگە چوار ژنیش بوونیان هەیە. هەروەها ١٣ کەس لە دەستبەسەر کراوان لە کۆی گشتیدا سزای ٤٢٠ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە کە سەرجەمیان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزا ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون.

مافی ژیان و سزای سێدارە:

لە مانگی نۆڤەمبەڕی ٢٠٢٥، لانیکەم ٢٩ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. کە ١٦ کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و ١٣ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست(قەتڵ) لە سێدارە دراون. میدیاکانی کۆماری ئیسلامی تەنها هەواڵی سێ حاڵەتی لە سێدارە دانەکانیان بڵاو کردەوە. شایانی باسە کە لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا ١٨٥ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لە بەراوەرد بە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو ٥٢٪ زیادی کردووە.

کۆڵبەران:

بە پێی ئاماری هانا، لەم مانگەدا ٣ کۆڵبەر برینداربوون. دوو کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان بریندار بوون و یەکێکیان بە هۆی تەقینەوەی مینی چێندراو کەمئەندام بووە.ناسنامەی سەرجەمی ئەم کەسانە لە ناوەندی ئاماری هانا تۆمار کراون.

خۆکوشتن:

بە لە بەرچاوگرتنی قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئێران و کوردستان، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خۆکوشتن بە جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی ساختاری و کۆمەڵایەتی دەزانێت و بەم بۆنەوە بڵاوی دەکاتەوە.لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥، لانیکەم ١٥ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە کە پێکهاتووە لە ٤ ژن و ١١ پیاو. لە نێوان خۆکوشتنەکاندا دوو منداڵی ژێر تەمەن هەژدە ساڵ بوونی هەیە.خۆکوشتنەکان زۆرتر لە ئەنجامی هەژاری، بێکاری و کێشە خێزانیەکان ڕوویان داوە و لە بەراوەرد بە مانگی ڕابردوو ٦٦٪ زیادی کردووە. لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا تا ئێستا ١٢٥ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

توندوتیژی خێزانی:

توندوتیژی دژی ژنان لە مانگی نۆڤەمبەر بەردەوام بووە. ژنان و کچان لەم مانگەدا بوونەتە قوربانی توندوتیژی لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە وەک باوک، هاوسەر یان برای خۆیان.لە ئەنجامی ئەم توندوتیژیانەوە ٤ ژن لە لایەن هاوسەر یان کەسانی بنەماڵەوە کوژراون، ٢ پیاو بە هۆی کێشەی خێزانی و ٢ کەسیش لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە کوژراون.

مافی کرێکاران: لە مانگی نۆڤەمبەر، ٩ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار لە شوێنی کارەکانیان گیانیان لە دەستداوە. ژمارەی قوربانیان لەچاو مانگی ڕابردوو ٣٣٪ زیادی کردووە. شایانی باسە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٥٣ کرێکار گیانیان لە دەستداوە. ئەم ئامارە کرێکارانی بریندار لەخۆ ناگرێت.

پێکدادانی چەکداری:

لە رێکەوتی ٢٥ی نۆقەمبەری ٢٠٢٥، یەکێک لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەردەشت بە ناوی عوسمان ئەحمەدی لە لایەن گروپی پژاکەوە کوژرا.

هەڵسەنگاندنی گشتی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥پێداچوونەوەیەک بە داتاکانی ئەم مانگەدا دەریدەخات کە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا خراپ و ناسەقامگیرە.زۆربوونی دەستبەسەر کردنە سەرەڕۆیانەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان و بەردەوامی توندوتیژی سیستماتیک لە دژی ژنان و کۆڵبەران وەک نیشانەکانی سەرەکی پێشێلکاری سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ناوچەکە هەژمار دەکرێت.لە کاتێکدا کە پێشلکاری بەرینی مافە مەدەنی و سیاسیەکان بەردەوامە، هەژاری، بێکاری و نەبوونی ئەمنیەتی کاریش ڕێگا خۆشکەرن بۆ زۆر بوونی حاڵەتەکانی خۆکوژی و توندوتیژیە خێزانیەکان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی لە درێژەی ئەم ڕەوتە دەردەبڕێت و داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکات بە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی داوای کۆتاییهێنان بە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بکەن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا

دیسامبری ٢٠٢٥

بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگا پێدراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین