ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە .
ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە .
بە پێی زانیاریە کۆکراوەکان ، زۆربەی پێشێلکاری مافی مرۆڤیەکان لە بەشەکانی مافی مەدەنی و سیاسی و بە تایبەتی لە بواری ئازادی کەسەکان ، قەدەغەی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە و مافی ژیان ڕوویانداوە .
سەبارەت بە دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل ، هانا ٩٥ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانەی شارۆمەندانی کورد لە شارەکانی کوردستانی لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە .
بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، زۆربەی هەرەزۆری ئەم دەستبەسەر کردنانە بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە و بڕیاری دادوەر ئەنجام دراون . زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ، چالاکیە مەدەنی ، چالاکیە میدیایی و لەم دواییانەش تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بووە .
سەبارەت بە مافی ژیان و سزای سێدارە ، لانیەکەم ١٤ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . کە لە نێویاندا شەش کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان ، حەوت کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و یەک کەسیش بە تاوانی کوشتنی منداڵێک لە سێدارە دراون .
لە یەک مانگی ڕابردوودا ٣ کەس لە زیندانیەکان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بێبەش کرانیان لە مافە سەرەتاییەکانیان لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە . هەروەها ٣ زیندانی لە دەستڕاگەیشتن بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراون . لەم مانگەدا قامکەکانی دەستی سێ زیندانی بە تاوانی دزی بڕێندرایەوە . زیندانیەکیش لەو ڕۆژەی کە بڕیار بوو ئازاد بکرێت بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەستداوە .
مانگی جولای شایەتی قەتڵە نایاساییەکانی کۆڵبەران و کاسبکاران لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە . بەم پێیە لانیکەم ١٢ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو یان بریندار بوون . لەم ژمارە کەسە ٦ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و ٦ کەسیشیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون کە ناسنامەی سەرجەمیان لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تۆمار کراوە . بەرز بوونەوەی لە سەدا سێسەدی زیانەکانی کۆڵبەران لە مانگی جولای لە بەراوەرد بە مانگی ژوەن جێی نیگەرانیە .
ئاماری خۆکوژی (هانا تەنها بە هۆکاری بارودۆخی قەیراناوی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئاماری خۆکوژی بڵاو دەکاتەوە ، بەم پێیە خۆکوژی جۆرێکە لە توندوتیژی)
لانیکەم ١٨ کەس ، ٦ژن و ١٢ پیاو ، بە هۆی هەژاری و بێکاری لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە . یەک حاڵەتی خۆکوژیش زیندانیەکی سیاسی بووە کە ڕۆژێک دوای ئازادبوونی لە زیندان بە هۆکاری گوشاری دەرونی کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێناوە ، کە خۆکوژی بە نسبەت مانگی ڕابردوو ٣٥٠ لەسەد زیادی کردووە .لێکۆڵینەوەکانی هانا دەری خستووە کە ژن کوشتن و توندوتیژی ناموسی بە هۆی نەبوونی یاسای پشتیوانی لە ژنان بەردوامی هەیە .
لە مانگی ڕابردوودا ٦ ژن لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە وەک هاوسەر ، باوک یا برای خۆیانەوە بە هۆکاری خێزانی و زۆرتر لە چوارچێوەی ئەوەی بە پاڵنەری ناموسی ناونراوە ، کوژراون . هەروەها دوو منداڵی تەمەن ١٠ و ١١ ساڵ بە دەستی باوکی بنەماڵە کوژراون .
لە مانگی جولای ٣ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزری لە سنە بە هۆی برینی قورسی سوتاوی لە ئەنجامی کوژاندنەوەی ئاگر لە شاخی ئاویەری سنە گیانیان لە دەستداوە .
نەبوونی میکانیزمی گونجاو بۆ پاراستنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بە پاساوی ئەمنی بوونی پارێزگاکە ، وەک هۆکارێک بۆ کۆنتڕۆڵنەکردنی ئاگرە زنجیرەییەکانی ئاویەر ڕاگەیندراوە .
لەم ڕووداوەدا ٤ کەسیتریش بریندار بوون . هەروەها لە مانگی جولای ٤ چالاکی ژینگە پارێزی لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون .
هانا وێڕای بەدواداچوون بۆ کۆتا بارودۆخی مافی مرۆڤ لە شارەکانی کوردستان بە شێوەی جددی لە ئاست چڕبوونەوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ دوابەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هۆشداری دەدات . دامەزراوە ئەمنییەکان بە پاساوی ڕووبەڕوو بوونەوەی کاریگەری ئەمنی ئیسرائیل بە شێوەی سیتماتیک مافە بنەڕەتیەکانی شارۆمەندان پێشێل دەکەن .
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگا پێدراوە .