ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ئۆکتۆبر و ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٤ ، لە کوردستانی ئێران

هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٤ و هەروەها لە ١٠ مانگی ڕابردوو ، لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ، بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لەخۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ، ١٠ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون ، لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ١١ بەندکراو بە ١٤١ مانگ بەندکران سزا دراون ، ٧ کۆڵبەر کوژراون یا بریندار بوون . لانیکەم ٨ کرێکار لە کاتی کار کردن توشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە و ٤ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە .

دەستبەسەر کردنەکان :

لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەی هەڕەمەکێ و خۆسەرانە و بەبێ هیچ جۆرە فەرمانێکی دەستبەسەر کردن لە لایەن دادگاکانەوە ، بانگ و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ئەم ٣٤ کەسە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی مەدەنی و چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون . بە پێی ئەم ئامارە ٢٩ کەس لە دەستبەسەر کراوان پیاو و ٥ کەسیان ژن بوون . پێویستە وەبیر بهێنرێتەوە کە لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ٣٩٣ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون .

سێدارە :

لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ لانیکەم ١٠ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لەم ژمارەیە ٨ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و ٢ کەسیش بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان لە سێدارە دراون .
شایانی باسە کە لە ١٠ مانگی ڕابردوودا ٩١ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . ٣٤ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست ، ٤٣ کەس بە تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان و ٩ شارۆمەندی کوردیش بە تاوانی موحاربە لە سێدارە دراون .

سزای بەندکراوان :

لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ، بۆ ١١ سزا ١٤١ مانگ بەندکران دەر کراوە . لە مانگی ئۆکتۆبر بۆ یەکێک لە بەندکراوانیش سزای لێدانی ٧٤ زەبەی قمچی دەر کراوە .

کۆڵبەران :

بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو یا بریندار بوون . لەم ژمارە ٤ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی کوژراون و ٣ کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کراون . پێویستە وەبیربهێنرێتەوە کە لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا ٤٨ کۆڵبەری کورد کوژراون کە ٣٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و ١١ کۆڵبەریش بە هۆی ڕووداوی سروشتی و هەروەها ڕووداوی هاتووچۆ لە ئەنجامی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژراون . لەم ١٠ مانگە ١٢٩ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندار بوون و ٢٧ کۆڵبەریش بە هۆی ڕووداوی سروشتی و هەروەها ڕووداوی ئۆتۆمبێل بریندار بوون .

خۆکوشن :

لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٤ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە ٢ کەس لەوانە منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ بوون . ئەم خۆکوشتنانە زۆربەی بە هۆی کێشەی خێزانی ، هەژاری و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بوون . ئاماری خۆکوشتنەکان لەم مانگانەدا جێی نیگەرانین لە ١٠ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١١٩ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە کە ٩ کەسیان منداڵ بوون .

کرێکاران :

لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٨ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەستداوە . نەبوونی کەرستەی پارێزراو بۆ کرێکاران و کەمتەرخەمی خاوەن کاران یەکێکە لە هۆکارەکانی کوژرانی کرێکاران لە کاتی کار کردندا .

ئەنجام :

لەم مانگەشدا دەستبەسەر کردنی هەڕەمەکی و سزای نادادپەروەرانە ، سزای نامرۆڤانەی سێدارە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بریندار کردنیان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ، رێژەی بەرزی خۆکوژی بە تایبەتی لە نێو لاوان و مێرمنداڵان جگە لەو کێشە زۆرەی کە خەڵک لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە جیاکارییەکانی سەبارەت بە کورد ، نەبوونی گەشەسەندنی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستان و نەبوونی وەبەرهێنان لەو ناوچانە دۆخێکی خوڵقاندووە کە بەشێک لە خەڵک بۆ دەست خستنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن ، کارێک پڕ لە مەترسی کە ئەنجامەکەی لە کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەراندا دەبینین .

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ 
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە رێگەپێدراوە .

 

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین