دەسپێک
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیی لە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.
ئەو ئامار و زانیاریانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە قوربانییەکان ، خێزانەکانیان و بەڵگەنامە کۆکراوەکان و دواتر لە ڕێگەی سەرچاوە سەربەخۆکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە. بۆیە ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هانا توانیویەتی بە دڵنیاییەوە دروستی زانیارییەکان پشتڕاست و بڵاویان بکاتەوە.
دەستبەسەر کردنە سەرەڕۆیانەکان
لە مانگی ئۆکتۆبر، ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ٤٨ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی شارۆمەندی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە.
ژمارەی دەستبەسەر کردنەکان لەچاو مانگی ڕابردوو ١٧ لەسەد و لەچاو ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو ٤١ لەسەد زیادی کردووە.
لە سەرتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا ئێستا لانیکەم ٦٦٠ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون.
بە پێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، زۆربەی دەستبەسەر کردنەکان، بەبێ بانگهێشتنامە یان حوکمی دادوەری ئەنجام دراون و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان زۆرتر شمولی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، چالاکیە مەدەنی و سنفی، چالاکیە میدیاییەکان و بڵاو کردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بووە.
لە نێو دەستبەسەر کراواندا ئەم مانگە چوار ژن بوونیان هەیە. هەروەها ٢٢ کەس لە دەستبەسەر کراوان لە کۆی گشتیدا بە ٣٠٠ مانگ بەندکران سزا دراون کە لەم ژمارە کەسە، ١١ کەسیان بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکانی سەریان، بۆ بەندیخانەکان ڕاگوێزراون.
لەم مانگەدا شارۆمەندێک بە ناوی کاویس عەبدوڵڵازادە ئەقدەم خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.
هەروەها سزای سێدارەی شەش بەندکراوی سیاسی پەیوەندیدار بە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پێکهاتوو لە؛ شەریفە محەمەدی، تەیفور سەلیمی بابامیری، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە.
مافی ژیان و سزای سێدارە:
لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥، لانیکەم ٢٩ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. لە نێویاندا: ٩ کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان، ١٦ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست، ٣ کەس بە تۆمەتی دزی بە بەکارهێنانی چەک و یەک کەس بە ناوی سامان محەمەدی خیارە بە تاوانی سیاسی لە سێدارە دراون. پێویستە بگوترێت کە لە ١٠ مانگی رابردوودا ١٥٢ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە سێدارە دراون.
ژمارەی لە سێدارەدراوان لەم مانگەدا لەچاو مانکی ڕابردوو ١٤٪ زیادی کردووە و لەچاو ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو ١٩٠٪ زیادی کردووە.
کۆڵبەران:
بە پێی ئاماری هانا، لەم مانگەدا پێنج کۆڵبەر کوژراو یان بریندار بوون. لە نێویاندا: ٣ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی ڕۆژاوای وڵات کوژراو و ٢ کەسیش بریندار بوون.
ناسنامەی سەرجەمی ئەم کۆڵبەرانە لە ناوەندی ئاماری هانا تۆمار کراوە.
خۆکوژی:
بە لەبەرچاو گرتنی قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئێران و کوردستان، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خۆکوژی بە نمونەی توندوتیژی پێکهاتەیی کۆمەڵایەتی دەزانێت و هەر بەم بۆنەوە بڵاوی دەکاتەوە.
لە مانگی ئۆکتۆبر لانیکەم ٩ حاڵەتی خۆکوژی تۆمار کراوە کە شمولی ٣ ژن، ٤ پیاو و ٢ منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ دەبێت.
لە نێویاندا یاسین سەیف پەناهی لاوی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی دێولان کە سێ مانگ لە بەندیخانە بووە و دوای ئازاد بوونی بە شێوەی گوماناوی کۆتایی بە ژیانی خۆیی دەهێنێت.
خۆکوژیەکان زۆرتر لە ئەنجامی هەژاری، بێکاری و کێشەی خێزانی ڕوویانداوە و لەچاو مانگی ڕابردوودا ٤٧٪ کەمیان کردووە.
توندوتیژی خێزانی:
توندوتیژی دژی ژنان لە مانگی ئۆکتۆبر بەردەوام بووە. ژنان و کچان لەم مانگەدا لە لایەن پیاوانی بنەماڵە وەک باوک، برا یان هاوسەر بوونەتە قوربانی توندوتیژی.
لە ئەنجامی ئەم توندوتیژیانەدا: شەهلا کەریمیان خەڵکی مەهاباد لە لایەن کەسانی بنەماڵە و لەیلا عەلی مورادی خەڵکی مەریوان لە لایەن یەکێک لە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون.
هەروەها سارینا رۆستەمی کچی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ، بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەستداوە. کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی دیواندەرەش لە لایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە هێرشی کرایە سەر و بە قورسی بریندار بوو.
مافی کرێکاران:
لە مانگی ئۆکتۆبر، ٦ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەستداوە. ژمارەی قوربانیان لەچاو مانگی ڕابردوو ٤٠٪ کەمی کردووە. ئەم ئامارە کرێکارانی بریندار لەخۆ ناگرێت.
پێکدادانی چەکداری:
لە رێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥، لە جەریانی پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان کەسانی نەناسراوو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی بیکرە حوسێناوای سەر بە شاری مەریوان دوو هێزی حکومەتی کوژران.
هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان- ئۆکتۆبری ٢٠٢٥
پێداچوونەوەیەک بە داتاکانی ئەم مانگەدا دەریدەخات کە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا هەروا خراپ، قەیراناوی و ناسەقامگیرە.
زۆربوونی دەستبەسەر کردنە سەرەڕۆیانەکان، بەرزبوونەوەی نیگەرانکەری لە سێدارەدانەکان و بەردەوامی توندوتیژی سیستماتیک لە دژی ژنان و کۆڵبەران، نیشاندەری پێشێلکاری سیستماتێکی مافی مرۆڤ لە ناوچەکەیە.
لە حاڵێکدا پێشێلکاری بەربڵاوی مافە مەدەنی و سیاسیەکان بەردەوامە، هەژاری، بێکاری و نەبوونی ئەمنیەتی کاریش بووەتە ڕێخۆشکەری زۆر بوونی خۆکوژی و توندوتیژیە خێزانیەکان.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ئاست بەردەوامی ئەم پڕۆسەیە نیگەرانی قوڵی دەردەبڕێت و داوا لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەکات بە گوشار خستنە سەر کومای ئیسلامی خوازیاری کۆتایی هێنان بە پێشێلکاری سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بن.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
نوامبری ٢٠٢٥
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگە پێدراوە.







